حكوومەتی عێراق، هێشتا وەڵامی فەرمیی پێشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانیی نەداوەتەوە

هەولێر- KDP.info/چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژە دەدەن كە هێشتا، حكوومەتی عێراق وەڵامی پێشنیازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە پرسی نەوت نەداوەتەوە. ئەوەش دەخەنە ڕوو كە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی حكوومەتی ئێستای عێراق شكستی هێناوە.
لەبارەی پرسی نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی بە كۆمیتەی چوار لایەنەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی هەولێر و بەغدای ڕاگەیاندووە كە پێشنیاز دەكات كۆمیتەیەكی تەكنیكیی بێلایەن بۆ تاوتوێی توانای هەناردەكردنی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق پێك بێت.
لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شوان محەممەد تەها، بۆ KDP.infoگوتی: "پێم وا نییە هیچ كات حكوومەتی عێراق وەڵام بداتەوە، كێشەكە تەنیا نەوت و بودجە نییە و گرفتی سیستەمی بەڕێوەبردنە تا وەكو سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق ڕاست نەكرێتەوە، هیچ یەكێك لە گرفتەكان چارەسەر ناكرێن".
هەر لەم بارەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حەمید باڤی، بۆ KDP.infoگوتی: "ئێستا ئەو عەقڵییەتەی عێراق بەڕێوە دەبات كەس لێی تێ ناگات، نە ئەوەتا وەڵامی پێشنیازەكان دەداتەوە نە خۆیشیان چارەسەری كێشەكان دەكەن، بۆیە نایانەوێت وەڵامی پێشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی بدەنەوە، چونكە هیچ وەڵامێكیان پێ نییە، جگە لە كۆنتڕۆڵكردنی مەركەزییەت لە ئاستی بڕیار و خۆسەپاندن و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و بەعسیبوون".
هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران د. سەعدی خۆشناو، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو ڕێگایانەی بۆ چارەسەركردنی پرسی نەوت پێشنیاز دەكرێت زۆر گرنگن، بەڵام وەڵامی حكوومەتی عێراق چی دەبێت؟ كە بە دڵنیاییەوە لایەنی دەسەڵات لە بەغدا قەت نایەوێت بەم سیاسەتەی ئێستایانەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، بۆیە وەڵامی داواكان لەسەر پرسی نەوت نەدراوەتەوە".
كارزان هەورامی




