حەمید باڤی: حكوومەتی عێراق چوار مانگە مووچەی نەناردووە و لە یەك دیناری ئەو مووچەیەش خۆش نابین

هەولێر-KDP.info/ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چوار مانگە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە. ئەوەش دەخاتە ڕوو كە مالیكی سیاسەتی سەدام پەیڕەو دەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حەمید باڤی، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەوە بۆ چوار مانگ دەڕوات حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، بۆیە سەرجەم ئەو پارانەی لە لایەتی قەرزە و دەبێت بیداتەوە، لە ماوەی چوار مانگیشدا تەنیا 548 ملیار دیناری مانگی دووی ڕەوانە كردووە، لە كاتێكدا مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم 850 ملیار دینارە و خەرجییەكانی دیكە كە بریتین لە نەسریە و بودجەی نووسینگەكان و پڕۆژەكان، بریتییە لە (ترلیۆنێك و دووسەد ملیار دۆلار) كە مانگانە هەرێمی كوردستان خەرجی دەكات، چوار مانگە تا ئێستا ئەوەش ڕەوانە نەكراوە".
باڤی گوتیشی: "مالیكی سیاسەتی سەدام پەیڕەو دەكات، مەرجیشی بۆ ناردنی مووچە و بودجە ئەوەیە هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا ڕەوانە بكات و هەردوو كۆمپانیای ئاسیا و كۆڕەك بێنە ژێر ڕكێفییەوە".
كارزان هەورامی




