عەدنان کەرکووکی: پارتی پارەی پترۆدۆلاریش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە کار ناهێنێت و دەنگەکانیشی لە هەڵکشانە

کەرکووک- تایبەت بە KDP.info/ گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان، ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە پارتی هۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووک کوردستانی بووبێت و دەشڵێت، کەس ناتوانێ بڵێت دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەم دەکات، بەڵکو سندووقەکانی دەنگدان دەبێتە دادوەر و بڕیار دەدەن و دەردەکەوێت کە دەنگی کام لایەن کەم دەکات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان، عەدنان کەرکووکی، بە kdp.info-ی راگەیاند: ئێمە بە ھیچ جۆرێک ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووک کوردستانی نەبووین، بەڵکو ھۆکار دیار بوو کێیە، چونکە ئێمە لە ھەموو کۆبوونەوەکانی خۆمان لەگەڵ لایەنەکان پێش پێکھێنانی ئەو لیستە تەکیدمان لەسەر یەکریزیی لیستەکان کردەوە و تەنانەت ناو و لۆگۆی لیستەکەش ئێمە پێشنیازمان کردبوو.
عەدنان کەرکووکی گوتیشی: پێویستە چاوەڕێ بکەین و بزانین دەنگی کامە لایەن زیاد دەکات و کامە لایەنیش دەنگی کەم دەکات و با سندووقەکانی دەنگدان دادوەر بن.
ئەو راشیگەیاند: لەو رۆژەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان دەستی پێ کردووە نەوزاد ھادی دەست لە کارەکەی ھەڵگرتووە، چونکە بەپێی رێنماییەکان کۆمسیۆن نابێت پۆست بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بە کار بھێندرێت، بەڵام پاریزگار هەیە نەک پۆستەکەی بەڵکو پارەی پارێزگایش بۆ خۆی بە کار دەھێنێت. جیا لەمە، پارەی پترۆدۆلاریش بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بە کار دێنێت، چونکە ئەگەر وا نەبێت ئەو ھەموو پارە لە کوێ دەھێنێت تا بانگەشەی هەڵبژاردن بەم جۆرە بکات.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەپێی ئەو پێشوازییە گەرم و گوڕەی لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، دەنگەکانمان لە ھەڵبژاردنی رابردوو زۆر زیاتر دەبێت، چونکە خەڵکی کەرکووک باش تێگەیشتوون کێ لە خەمی کەرکووکە و بەرگریی لە مافەکانیان دەکات.
ئەم گوتانەی لەکاتێکدان کە، چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ بڵاویان کردووەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووک کوردستانی بووبێت، بۆیە لەم ھەڵبژاردنە دەنگەکانی بەفیڕۆ دەچێت و کەم دەبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




