لە هێرشەکەی زانکۆی ئیمام کازمدا 5 قوتابی کوژران و 13کەسیش بریندار بوون

هەولێر-CNN-KDP.info/ دەستەڵاتدارانی عێراقی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایانگەیاند، بە هۆی هێرشێکەوە بۆ سەر زانکۆی ئیمام کازم لە بەغدای پایتەخت، 5 قوتابی کوژراون و 13 کەسی دیکەیش بریندار بوون. ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ چۆڵکردنی زۆرێک لە دامەزراوە و قوتابخانە لە شاری سەدر لە بەغدا لە ترسی بەئامانجگرتنیان لە لایەن تیرۆریستانەوە.
تەلەڤزیۆنی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، "دوو تیرۆریستی خۆکوژ لەبەردەم زانکۆی ئیمام کازمدا خیان تەقاندەوە، بە هۆیەوە 5 قوتابی کوژران و 13-ی دیکەیش بریندار بوون، کە سێیان لە پاسەوانان بوون."
سەرچاوەکە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە دەڵێت "هێزی کردە تایبەتەکان کە بە سوات ناسراوە، بەگەیشتنیان بە باڵاخانەی زانکۆکە، دوو لە خۆکوژەکانیان کوشت و یەکێکیشیان دەستگیر کرد."
پێوەست بەو پرسە، لە زاری یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی ئیمام کازم بە ناوی نوسەییەف ئەلهاشمی گوازتراوەتەوە، "5 چەکدار سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر زانکۆ و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بەرەوڕوو بوونەوە، پاشان قوتابی و مامۆستاکان باڵاخانەی زانکۆیان چۆڵ کرد"، زیاتر گوتی، چەکدارەکان لە هێرشەکەیان بۆ سەر زانکۆ، نارنجۆک و چەکی سووکیان بە کار هێنا."




