پەرلەمانتارێکی کورد: وروژاندنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە بۆ پروپاگەندەی ھەڵبژاردنە

بەغدا-تایبەت بە KDP.info/ژماریەک لە پەرلەمانتارانی لیستی دەوڵەتی یاسا باس لەوە دەکەن حکوومەتی داھاتووی عێراق، حکوومەتێکی زۆرینە دەبێت، لەبەر ئەوەی حکوومەتی شەراکەتی نیشتیمانی سەرکەوتوو نەبووە؛ لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، بە پێچەوانەوە حکوومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نابێت و تەنھا حکوومەتی شەراکەتی نیشتیمانی دەتوانیَ کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر ھاوپەیمانیی کوردستانی، د.رزگار، بە kdp.infoـی راگەیاند: عێراق چەندین پێکھاتە و ئایین لەخۆ دەگریَت، بۆیە ناکرێت حکوومەتی زۆرینە لە عێراق دروست بکرێت و ھەر لایەنێکیش پشتگوێ بخرێت، پرۆسەی سیاسی تووشی شکست دەبێت.
د.رزگار گوتیشی: حکوومەتی شەراکەتی نیشتیمانی لە عێراق شکستی نەھێناوە، بەڵکو ھەندێک لایەن لە ماوەی رابردوودا تاکڕۆیانە حکوومەتیان بەڕێوە بردووە، ھەر بۆیە ھەموو ئەو کێشە و قەیرانانە لە عێراق دروست بوون.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی کردەوە، ئەو کەسانەی باس لە پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە دەکەن، تەنھا بۆ پروپاگەندەی ھەڵبژاردنەکانە، چونکە خۆشیان باش دەزانن حکوومەتی زۆرینە لە عێراق سەرکەوتوو نابێت و شکست دەھێنیت.
ناوبراو زیاتر گوتی: رەنگە ژمارەی کورسیی لایەنەکان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا نەیەت، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکان لە ڕووی ھاوپەیمانەتیی نێوان لایەنەکان، گۆڕانکاریی زۆر روو بدات، چونکە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وانەیەکی باشیان وەرگرتووە.
بڵند ئیبراھیم




