٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی کوردستان: ڕێگریمان لەڕۆژنامەنووسان نەکردوەو سەنتەری میدیاشیان بۆ دابین کراوە

سەرچاوە: PNA

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریداوە چوونی ڕۆژنامەنووسان بۆ ژووری پەرلەمانتاران و ھۆڵی فڕاکسیۆنەکان و لیژنەکان قەدەغە بکات ئەمەش بەبەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەنووسی دادەنرێت ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت ئازادی ڕۆژنامەنووسیمان بەرتەسک نەکردۆتەوە بەڵکو وەکو پەرلەمانانی جیھان سەنتەری میدیامان ھەیەو ڕۆژنامەنووسان دەتوانن لەوێدا کاری خۆیان بکەن.

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان تارق جەوھەر ڕایگەیاند:"ئەوەی کراوە ڕێگرتن نییە لەکاری ڕۆژنامەنووسی ھێندەی ئەوەی ڕێکخستنی کاری پەرلەمان و ڕاگەیاندنە و ڕۆژنامەنووسان ئازادن و دەتوانن لەو سەنتەری میدیایەی بۆیان دانراوە چاودێری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن و ئازادیشن لەوەی بچنە ناو ھۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە و ڕێگری لێ نەکراوە".
گووتیشی:"لەزۆرینەی پەرلەمانی وڵاتان سەنتەری میدیا ھەیەو ئێمەش ئەوەمان تەرخان کردوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئێمە ئاسانکاری پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسان دەکەین و ھێڵی ئینتەرنێتیان لەبەردەستەو دەتوانن لەو شوێنەوە ھەموو ھەواڵ و پێشھاتەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بگوازنەوە بۆ دەزگاکانی خۆیان".
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆئەوەش کرد:"لەو سەنتەری میدیایەدا ڕۆژنامەنووسان دەتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن ئەمەش ھەروەکو لەزۆرینەی پەرلەمانانی جیھاندا ھەیە".

هەواڵی پەیوەندیدار