٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: گرینگە یەکێتی لە کابینەی هەشتەمدا بەشدار بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/  کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی شاندی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بەشداریی یەکێتی لە حکوومەتی داهاتوودا بە گرینگ وەسف کرد، هاوکات ڕایگەیاند کە یەکێتی سەرنج و ڕای خۆی پێوەست بە بەشداریکردن لە حکوومەتدا هەیە و ڕێز لەو ڕایانەیشیان دەگرن و بەشداریی یەکێتییش لە حکوومەت زۆر بە پێویست دەزانن.

نێچیرڤان بارزانی، هاوکات ڕایگەیاند، "ئەگەرچی جیاوازی لە بیڕاکانماندا هەیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیدا، بەڵام هەوڵ دەدەین لەگەڵ یەکێتی دانوستانمان بەردەوام بێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە هەردوو لامان پەرۆیشیمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە."

نێچیرڤانی بارزانی جەختیشی کردەوە لەوەی کە بەشداریی لایەنەکان لە کابینەی هەشتەمدا گرینگە و "مەبەستمانە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەبار نەچێت و بە جیددی دەمانەوێت یەکێتی تێیدا بەشدار بێت."

ڕاشیگەیاند، "جەنابی سەرۆک تەئکیدی کردووەتەوە کە دەبێت بەر لە هەڵبژاردن حکوومەت پێک بێت و گرینگە کە بەر لە هەڵبژاردن هەمووان ڕێک بکەوین."

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە پاش کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی و یەکێتی بوو لە هەولێر، د.بەرهەم ساڵح، گوتی "ئەگەرچی بۆچوونمان لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی وەزارەتەکان جیایە، بەڵام هێشتا بواری گفتوگۆ ماوە و وا بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەیش بکەین، بەڵام پێوەست بەو جیاوازیانەوە هەم ئێمە و هەم برایانی پارتی پێویستمان بەوەیە هەردوو لامان ڕاوێژی زیاتر بکەین."

ساڵح هاوکات نەیشاردەوە کە "حکوومەتی نیوە بە نیوە کۆتایی هاتووە و دەبێ ئەو واقیعەمان قبووڵ بێت. چونکە هێزی دیکە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە و ئێستا ئەوانیش لە حکوومەتدا بەشدار دەبن."

بەرهەم ساڵح زیاتر ڕوونی کردەوە "یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، ڕاستە پارتی ڕای جیاوازی هەیە، بەڵام ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین."

پێوەست بە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی بەردەم لقی چواری پارتی، بەرهەم ساڵح گوتی " لە سلێمانی تەقەکردن ڕوویدابوو، دیاردەیەکی ناخۆش بوو، لێدوانی نێچیرڤان بارزانییش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە جێی ڕێزە."

نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە لەوەی کە "هێشتا لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی یەکدین، ڕاستە گۆڕانکاری بەسەر هەندێ شتدا هاتووە، بەڵام هەر هاوپەیمانین."

دەربارەی لێدانی خەندەقیش لە نێوان هەرێمی کورستان وسووریایش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان هەر شتێک پێویست بێت بیکەین و، ئەنجامی دەدەین و خەندەق لێدانیش هەر پێوەندی بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوەیە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار