هەڵۆ ئەحمەد کوردە: تەقەکەی ئەمشەو دەستێکی گێرەشێوێن بووە

هەولێر-KDP.info/ "وەکو هەموو شەوانی دی، شەقامی سالم بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە جووڵەی بەردەوام لەبەردەم بارەگای لقی 4-ی پاتی لە سلێمانی هەبوو، خەڵکی بە گوڵ و شیرینی، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەکرد، بەرنامەیشمان هەبوو سبەی شەو لە شەقامی سالم ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری ساز بکەین، بەڵام لە سەعات 9-ی ئەمشەو سێ لاندکرۆزەر لە بەردەمی بارەگای لق بە ئاڵای سەوزەوە تەقەیان لە بارەگای لق کرد." ئەمە گێڕانەوەی ڕووداوەکەی بەردەم لقی چوار بوو لە زاری بەرپرسی لق، هەڵۆ ئەحمەد کوردەوە.
بەرپرسی لقی چوار بۆ KDP.infoزیاتر گوتی، "پاش ڕووداوی تەقەکردنەکە، لە هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکەدا بووین، بەڵام بۆ جاری دووەم سێ سەیارەی مێکزەمینی بە جلی ئاسایشەوە تەقەیان کردەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پاسەوانەکانی لقی 4-ی پارتی پەرچەکرداریان نەبوو، دانمان بە خۆماندا گرت، چونکە ئێمە دەزانین پاراستنی ئەم شەقامە و هەموو کوردستان لە ئەستۆی پۆلیس و ئاسایش و حکوومەتە."
بەرپرسی لقی چوار هەروەها گوتی، "بە هۆی تەقەی ئەمشەوی ئەو چەکدارانەوە کەسێک فیشەک بەر قۆڵی کەوتووە و بریندار بووە."
بەرپرسی لقی 4 هاوکات دەڵێت، "ناتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین، لیژنەی لێکۆڵینەوە دادەنرێ لە هەموو لایەک و ئەم لیژنەیە دەتوانێ لێکۆڵینەوە بکات و دواتر ئەنجامەکەی ڕادەگەیەنرێت."
پێوەست بە نائامادەیی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ بەرگرتن لە وەها حاڵەتێک، هەڵۆ ئەحمەد کوردە گوتی، "دەبووایە لە سەرجادە بوونایە کە بە داخەوە نەبوون."
ئەوەیشی خستەروو کە "ئەوە دەستێکی تەخریبە و دەزانن پاتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین حیزبی کوردستانە و زۆرترین دەنگی هێناوە، بۆیە ئێمە لە هەموو لایەنەکان زیاتر پەرۆشی هێمنی و ئارامیی کوردستانین."
شیاوی باسە پاش ڕووداوەکەی بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رووداوەكەی بە نەخوازراو و بە گێرشێوێنییەك ناو برد و، ڕاشیگەیاند "ئەوە بە كاری پلان بۆ دانراوی هیچ لایەنێكی سیاسی كوردستان دانانێین."




