نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا هەواڵێکی "لڤین" ڕەت دەكاتەوە
__2014_04_19_h18m8s36__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info/ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا لە روونكردنەوەیەكدا، هەواڵێکی "لڤین" پێوەست بە هێرش و دەستبەسەرداگرتنی نوێنەرایەتییەکەیان لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە "لڤین" ڕاستییەکان دەشێوێنێت.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا کە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە:
سەعات 2:30-ی دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی، ژمارەیەك خۆپیشاندەر كە ژمارەیان نزیكەی 20 تا 25 كەس دەبوون، خۆپیشاندانێكی هێمنانەیان بۆ بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە پاریس ئەنجام دا و ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا لە بەرامبەر هەڵكەندنی خەندەقێك لە نێوان سنووری هەرێمی كوردستان و سووریا كە حكوومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
ئێمە وەك نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم پێشوازیمان لە خۆپیشاندەران كرد و بەڵێنمان پێدان كە پەیامەكەیان بگەیەنینە حكوومەتی هەرێم.
جێگەی باسە خۆپیشاندانەكە بە ماوەیەكی كورت كۆتایی پێهات و خۆپیشاندەران بەردەم نووسینگەی حكوومەتی هەرێمیان جێ هێشت. بەڵام بە داخەوە گۆڤاری لڤین نووسیویەتی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە پاریس كۆنتڕۆڵ كرا، بێگومان ئەم هەواڵەی لڤین هیچ بنەمایەكی دروستی نییە و تەنها ئامانج ئاوەژووكردنی راستییەكانە.
نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا




