عومەری سەید عەلی: هەفتەی دادێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت

هەولێر-KDP.info/ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆبوونەوە و ئەنجامی كۆبوونەوەكەشیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی لێ كەوتەوە.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، كە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی شاندی دانوستاندنكاری پارتی كرد بۆ لای گۆڕان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند "گەیشتینە كۆتایی و رێككەوتننامەی پێكهێنانی حكومەتیشمان واژوو كرد".
فازڵ میرانی گوتی "رێككەوتننامەكە گرینگە لەپێناو ئاشتیی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا".
هاوكات عومەری سەید عەلی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان جەختی لە رێككەوتنی هەردوولا كردەوە و رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و گوتی "بزووتنەوەی گۆڕان ئەركی كۆبوونەوە و سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە لە ئەستۆ دەگرێت".
عومەری سەید عەلی هاوکات گوتی كە ئەوان هیوادارن هەموو ئەو لایەنانەی زۆرینەی دەنگی خەڵكیان بە دەست هێناوە بەشداریی كابینەی نوێ بكەن.
دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ گۆڕان، ئێستا شاندی پارتی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە كۆبوونەوەدان و بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش، شاندی كۆمەڵ چاوەڕوانی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕانیان كردووەو ئەوانیش هەمان رێككەوتن لەگەڵ پارتی واژوو دەكەن.
پۆستەکانی گۆڕان:
سەرۆکی پەرلەمان
وەزارەتی پێشمەرگە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
وەزارەتی دارایی
وەزارەتی ئەوقاف
دەستەی وەبەرهێنان
بریکاری وەزیری ناوخۆ




