ھاوپەیمانیی کوردستانی: کاری لیژنەی پەرلەمان تەنھا ناوبژیوانیکردنە لە نێوان ھەرێم و بەغدا

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ گوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کاری لیژنەی پەرلەمانی عێراق تەنھا ناوبژیوانیکردنە، نەک شاندێکی دانوستانکار بێت و بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، موئەیەد تەیب، بە kdp.infoـی راگەیاند: شاندی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە و تێیدا ھەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە کە لیژنەیەکی شارەزا دروست بکرێت، بۆئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو پارێزگاکان بکات کە نەوتی لێ بەرھەم دەھێندرێت، دواتر بەپێی توانا رۆژانە دەتوانن چەند بەرمیل نەوت ھەناردە بکەن، ئێمەش پێی بابەند دەبین.
موئەیەد تەیب گوتیشی: شاندی پەرلەمانی عێراق شاندی دانوستانکار نییە تاوەکو بتوانی کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو کاری ئەو لیژنەیە تەنھا ناوبژیوانیکردنە لەنێوان ھەرێم و بەغدا، بۆئەوەی بتوانی بۆچوونەکانیان لە یەک نزیک بکاتەوە و دواتر ھەردوو لا راستەوخۆ گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوانیان بکەن.
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ئەو سزایەی لەناو بودجە بۆ ھەرێم دانراوە رەتی کردووەتەوە، چونکە دواتر توانای ھەناردەکردنی ئەو رێژەیەی نەوتی نەبێت ئەو سزایەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ کردن نییە.
گوتیشی: ئەو شاندەی پەرلەمانی عێراق پێشنیارەکانی ھەرێمی کوردستان دەخنە بەردەم بەرپرسانی بەغدا، دواتر وەڵامی ھەرێمی کوردستان دەدرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەشی دا، ئەستەمە پێش ھەڵبژاردن پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، چونکە کاتەکە زۆر کەو ماوە و ئەگەری ئەوەش ھەیە دوای ھەڵبژاردنیش نەتوانن پەسەندی بکەن و بکەوێتە خولی داھاتووی پەرلەمان.
بڵند ئیبراھیم




