٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و ئانکارایان تاوتوو کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/   له‌ میانى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى نیسانى 2014 سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى و شاندێكى یاوه‌رى له‌ ئانکارا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانى توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانەوه‌ پێشوازى لێ كرا.

له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، عیماد ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى سامانه‌ سرووشتییه‌كان، د. ئاشتى هه‌ورامى و گوته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت، سه‌فین دزه‌یى له‌ لایه‌نى هه‌رێمى كوردستان و تانه‌ر یڵدز وه‌زى وزه‌، فه‌ریدوون سینیرلى ئۆغلۆ ڕاوێژكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌كى ڕاوێژكاران له‌ لایه‌نى توركیا ئاماده‌ى بوون، چه‌ندین پرسى تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى و ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كران.

له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنى ئاك پارتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى شاره‌وانییه‌كانى توركیاى له ئه‌ردۆغان كرد و سه‌رۆكوه‌زیرانى  توركیایش ستایش و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیران تیشكیان خسته‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا و داكۆكییان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ردوو لاوه‌ ته‌واوى ئاسانكارى پێشكه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركیادا بگاته‌ ئاستێكى به‌رزتر و فراوانترین بواره‌كان بگرێته‌وه‌.

ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و بارودۆخى ئێستاى عیراق به‌ تایبه‌تى، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیاره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى كۆتاییى ئه‌م مانگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرا و بیروڕایان ده‌رباره‌ى پێشبینیى تابلۆى سیاسیى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان و دواڕۆژى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق ئاڵوگۆڕ كرد و تیشك خرایه‌ سه‌ر كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌.

دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، شاندى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و هه‌ولێر گه‌ڕانه‌وه‌.

 

هەواڵی پەیوەندیدار