ئاسۆ كەریم: هێرشكردن بۆ سەر پارتی، هێرشكردنە بۆ سەر ئەو دەسكەوتانەی لە كوردستان هەیە

هەولێر/ KDP.info/نووسەر و چاودێرێكی سیاسی پێی وایە هێرشكردن بۆ سەر پارتی، هێرشكردنە بۆ سەر ئەو دەسكەوتانەی لە كوردستان هەیە. گوتیشی، پەیەدە لە جیاتی ئەوەی بیەوێت چاوی لە ئاسانكاری و هاوكاریی دەوڵەتی یاسا بێت لە ڕێگای دەروازەی "ڕەبیعەوە" بۆی بكات، با بێت پەیوەندی لەگەڵ پارتی ئاسایی بكاتەوە و باشتری بكات.
نووسەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاسۆ كەریم، بۆ KDP.infoگوتی: "هێرشی پەیەدە بۆ سەر پارتی خزمەتی گەلی كورد ناكات، بۆیە پاراستنی ئەم دەسكەوتەی كوردستان ئەركی هەموو كوردە لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا و، پارتیش پشكی شێری لەم دەسكەوتەدا هەیە، بۆیە هەر هێرشێك بۆ سەر پارتی، هێرشە بۆ سەر ئەم دەسكەوتانەی كوردستان، لە كاتێكدا ئەگەر ناڕەزایی لەسەر لێدانی خەندەق هەبێت، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییەیش لە بەرچاو بیگرێت كە سنووری ئێمە لەگەڵ سووریا ئاڵۆزە و دەبێت ئەمنییەتی كوردستان لە سنوورەكانەوە دەست پێ بكات، چونكە هەوڵی جیددی بۆ تێكدانی ڕەوشی ئەمنیی كوردستان هەیە، باشترین نموونەش تەقینەوەكەی شاری هەولێرە".
گوتیشی: "ڕێگای فەرمی لە نێوان ڕۆژئاوا و باشوور هەیە و دەكرێت لەو ڕێگایەوە هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕ هەبێت، نەك شوێنی نافەرمی و قاچاخ".
ئاسۆ كەریم هەروەها ئاماژەشی دا كە ناحەقییەكی زۆرە پەیەدە بەرانبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان_سووریا دەیكات، بە شێوەی جۆراوجۆر قسەیان لەسەر دەكات تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەولێر كۆنگرەیان بەستووە و پەیوەندییان لەگەڵ پارتی باشە.
ڕوونیشی كردەوە: "پەیەدە لە جێگای ئەوەی بیەوێت چاوی لە ئاسانكاری و هاوكاریی دەوڵەتی یاسا بێت لە ڕێگای دەروازەی "ڕەبیعەوە" بۆی بكات، با بێت پەیوەندی لەگەڵ پارتی ئاسایی بكاتەوە و باشتری بكات".
كارزان هەورامی




