کاوە ئازیزی: هێرشی نالۆژیکیی پەیەدە دژبە هەرێمی کردستان، گوزارشتە لە شکستی سیاسەتە هەڵەکانی لە ڕۆژئاوا

هەولێر-تایبەت KDP.info/ مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین، کاوە ئازیزی جەخت دەکاتەوە لەوەی هێرشە نالۆژیکییەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەربە پەیەدە، دژبە هەرێمی کوردستان و کەسایەتییەکانی، بێجگە لە شکستی سیاسەتە هەڵەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان شتێکی دی نییە. هاوکات دەڵێت، پەیەدە دەیەوێت هەڵەکانی خۆی بە هێرش بۆ سەر هەرێم دابپۆشێت، لەمەودوا گەلی کورد لە ڕۆژئاوا چی دی بەرگەی سیاسەتە هەڵەکانی ناگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ KDP.infoگوتی، "برایانمان لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی شۆڕشی سووریاوە وەها ئامۆژگارییان کردین کە بەشداریی شۆڕشی سووریا بکەن، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیانە چونکە شۆڕشێکی چەکداری لە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا نابێت، لە ماوەی شۆڕشەکەیشدا پارتی یەکێتیی دیموکرات پەیەدە وەک هاوپەیمانی ڕژێم دەرکەوت، توندوتیژیی بەرانبەر بە هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران بە کار هێنا، تا کار بەوە گەیشت ڕێ لە هەر خۆپێشاندانێک بگرن کە کورد دژبە ڕژێم سازی بدات، بەم جۆرە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دوو بەرە دابەش بوو، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی(نوێنەری ڕاستینە لە ڕۆژئاوای کوردستان)، کە پارتییە سیاسییە کوردییەکان و کەسانی سەربەخۆ لە تەواوی ناوچە کوردییەکان تێیدا ئەندامن و بەربەرهەڵستکاری ڕژێمن، بەرەی دووەمیش کە پەیەدەیە و لە لایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە پشتیوانی پڕچەک دەکرێن و دژبە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و پارتییە نیشتیمانییەکان وەستاونەتەوە، هاوکات هاوپەیمانەتیی لەگەڵ ڕژیێم هەیە بێئەوەی ڕێککەوتنێکی کردبێت تێیدا مافی کورد لە سووریا مسۆگەر بکات،"
ئەو مامۆستایەی زانکۆ هاوکات گوتی، "هەموو ئەو ئاماژانەی پێوەست بە پەیەدە خستمانە ڕوو، ترسێکی گەورە نیشان دەدات لەو پێوەندییە نهێنیەی نێوان پەیەدە و هێزە چەکدارەکەی و ڕژێم کە ڕۆژئاوای کوردستانیان لە خەڵکەکەی ستاندووە خستوویانەتە گرەوی تەسکی حیزبایەتییانەوە، هاوکات خەڵکی سڤیلیان کردووەتە قوربانیی سیاسەتە شکستخواردووەکەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان."
ئازیزی جەختیشی لە گوتەیەکی سەرۆک بارزانی کردەوە، کە دەڵێت "توێژێک هەیە بە زەبری چەک خۆی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا سەپاندووە و پشتیوانیی لە ڕژێم دەکات."
دەربارەی لێدانی خەندەقیش لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێرشە ناڕەواکانی پەیەدە پێوەست بەم پرسە، ئازیزی دەڵێت "هەرێم ئەو مافەی هەیە پارێزگاری لە سنووەکانی بکات، هاووڵاتیانی بپارێزێت جا بە هەر ڕێگایەک بێت، چونکە پاراستنی عاسایشی هەرێم و هاووڵاتیانی لە کارە گرینگ و پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمە"، ئاماژەیشی دا "ناڕەزایەتییەکانی خەندەقەکە دەستتێوەردانێکی بێمانایە لە کاروباری هەرێمی کوردستان، پەیەدەیش ئەو مافەی نییە ناڕەزایەتی دەر ببڕێت، لە کاتێکدا ڕێگای هاتوچۆ بە فەرمی کراوەیە کە ناوی سێمالکایە، داخستنی ئەو سنوورە فەرمییەیش لە لایەن پەیەدەوە مایەی گاڵتەجاڕییە و هەق وایە سەرکۆنە بکرێت."
دیمانەی عیماد برهۆ




