بە بەرچاوی پەیەدەوە، ئەمڕۆ ئەندام و گەورەبەرپرسانی بەعسی سووریا لە قامشلۆ پشتیوانییان بۆ بەشار ئەسەد دووپات كردەوە

هەولێر/ KDP.info بە بەشداریی هەزاران ئەندام و لایەنگرانی بەشار ئەسەد و حیزبی بەعسی سووریا لە قامشلۆ، پشتیوانی بۆ بەشار ئەسەد دووپات كرایەوە، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت "ئەو هەنگاوە ئەوپەڕی دروستكردنی نیشانەی پرسیارە لەسەر پەیوەندیی پەیەدە و ئیستخباراتی سووریا".
ئەمڕۆ سێشەممە 15.4.2014، پارێزگاری حەسەكە، محەممەد زعال عەلی، لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتیی لقی حیزبی بەعس، دەچنە شاری قامشلۆ بۆ بەشداریكردن لە خۆپێشاندانێكی رژێمی بەعسی سووریادا. بەپێی زانیارییەكان شوێنی خۆپێشاندانەكە چوارگۆشەی ئەمنیی رژێم دەبێت لە شاری قامشلۆ لە كاتێكدا تەواوی ئەو خۆپێشاندانە لەو شوێنانە دەبێت كە پەیەدە دەسەڵاتی تێدا هەیە و نزیكەی 4 هەزار سەربازی سووریاش لە قامشلۆ لەگەڵ چەكدارانی پەیەدە دەسەڵاتیان تێدا هەیە
لەم بارەیەوە بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەنوەر حاجی عوسمان، بۆKDP.info گوتی: "هاتنی پارێزگاری حەسەكە و بەشداریكردنی ئەو هەموو بەعسییە بۆ پشتیوانیكردنی بەشار ئەسەد لەژێر دەسەڵاتی پەیەدەدا، تەواو گومان و پرسیار لەسەر پەیوەندیی پەیەدە و ڕژێمی بەشار ئەسەد دروست دەكات بە جۆرێك دەتوانین بڵێین پەیەدەش بەشێك لە ئامانجەكانی بەشار ئەسەد لە ڕۆژئاوا جێبەجێ دەكات".
بەپێی زانیارییەكانیKDP.info لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هەزاران لایەنگری بەشار ئەسەد بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی بەعسەوە بە شەقامەكانی كوردستانی ڕۆژئاوادا دەسووڕێنەوە و لەلایەن هێزەكانی پەیەدەوە پارێزگارییان لێ دەكرێت.




