عارف تەیفور: بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەمەریكیییەكان هاتنە سەرخەت

دووەمین جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەمەریكیییەكان هاتوونەتە سەرخەت.
عارف تەیفوردووەمین جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (ئاكانیوز)ی ڕایگەیاندووە: هۆى ناكۆكییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سوپاى عێراق دەیەوێ سنوورەكانی خۆی لەگەڵ سووریا كۆنتڕۆڵ بكا بۆ ئەوەی تیرۆریستان دزە نەكەنە ناو وڵات، یان خەڵكانێك نەیەنە ناو عێراقەوە دواتر كێشە بۆ عێراق دروست بكەن و بەشیی زۆری ئەو سنوورەی عێراق بەدەست هێزی پێشمەرگەوەیە و ئەو ناوچانەی بەدەست هێزی پێشمەرگەیەوە بەپێی ڕێككەوتنێ كە كراوە و هێزی سوپاى عێراق رێككەوتنەكەیان شكاندووە و چوونەتە ئەو ناوچانە و بۆیە پێشمەرگەش ڕێگری لێكردوون".
گوتیشى "پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدا دۆخەكە ئارام بكاتەوەبۆ ئەوەى لەوە زیاتر تەشەنە نەكا و ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی پێى راگەیاندووم هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو دۆخە لەوە زیاتر تەشەنە نەكا".
راشیگەیاند، ئێستا ئەمەریكیییەكانیش هاتوونەتە سەرخەت و لە هەوڵی ناوبژیوانیكردنن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی هیچ دۆخێكى نەخوازراو ڕوو نەدا.
گوتیشى "لە پەرلەمان هەوڵی پێكهێنانی لێژنەیەكمان دا بۆ ئەوەی لەنێوان هەردوو هێزەكە دانووستان بكا، بە مەبەستى راگرتنى ئەو بارگرژییە، بەڵام لیستی هاوپەیمانیی كوردستان داوای كرد جارێ ئەو لێژنەیە رەوانە نەكرێ و بزانرێ دۆخەكە بەچی دەگا و دواتر لێژنەكە سەردانەكەی خۆی بكا".




