سەرۆك بارزانی: له منداڵییهوه ههموو شتێکم بۆ سهرخستن و ئازادیی گهل و خاکهکهم کردووه

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی كردەوە كە هەرێم داوای چارەسەری راستەقینەی كێشەكان دەكات، ئەوەی كە پێوەندی بە تەواوی عێراقەوە و ئەوانەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایش. هاوكات داوای لە سەركردە عێراقییەكان كرد ئەگەر ئەوان ئامادەن و بێن گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن، ئەوا هەرێم ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە. دووپاتیشی كردەوە كە ئەگەر كوتلە سیاسییەكانی دیكە ئامادە نەبن ئەوا ئەو وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ لای گەلی كورد و ئەوسا داوایان لێ دەكات كە چی بكەن.
لە دیمانەیەكی تایبەتدا كە كەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی دوێنێ لەگەڵیدا سازی دابوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لەبارەی راهێنانی سەربازیی كوردانی سووریاییشەوە ڕایگەیاند "ئەوان برای ئێمەن و حەقیان لەسەر ئێمە هەیە." گوتیشی "هەر بۆیە مەشقپێكردنی ئەوان بۆ شەڕكردن نییە بەڵكو تەنها ئامادەكاریێکە بۆ ئەوەی هەر كاتێك بارودۆخی سووریا رووخا و بۆشایی ئەمنی دروست بوو، ئەوا ئەوان بتوانن رۆڵێك بگێڕن و جارێكی دیكە تەحەددا لە گەلی كورد نەكرێتەوە."
لەوەڵامی پرسیارێكی جەزیرەدا پێوەست بە سازدانی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی كوردان كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر گەورە دەبێت لە كۆكردنەوەی كورد لە ناوچەكە، بارزانی ڕایگەیان "ئامانجی پشت ئەو كۆنفرانسە ئەوەیە كە كورد گوتارێكی یەكگرتووی هەبێت. گوتارێك كە جەخت بكاتەوە لەسەر ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان بە رێگایەكی دیموكراسی و ئاشتیخوازانە. ئەوە مەبەستەكەیە."




