بەڵگەی نوێ هەن دەیسەلمێنن (پەیەدە) لە پشت ڕفاندنی 8 ئەفسەرە کوردەکەوەیە

هەولێر-KDP.info/لیژنەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە 8 ئەفسەرە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە بە هەندێ ئەنجام گەیشتووە و دەرکەوتووە ڕفاندنی ئەفسەرەکان لەو کاتەدا بووە کە ویستوویانە لە بەری ڕۆژئاواوە دەربازی بەری هەرێمی کوردستان ببن، بەڵام بەرلە گەیشتنیان و لە سنووری قەڵمڕۆیی ئاسایشی پەیەدەدا بێسەرشوێن بوون.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ دانەیەکی بۆKDP.info نێردراوە، لیژنەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە 8 ئەفسەرە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پاش چەند ڕۆژێکی دی ساڵێک بەسەر ڕفاندنی ئەو 8 ئەفسەرە کوردەدا تێپەڕ دەبێت کە نیازیان وا بوو بەرەو هەرێمی کوردستان بچن، لە 16/4/2013 لە ناوچەیەکی سنووریی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی پەیەدەدایە، هەموو پێوەندیکردنێک پێیانەوە دەپچڕێت و تا بەم ڕۆ دەگات هیچ لایەنێک بەرپرسارەتیی خۆی لە ڕفاندنی ئەو سەربازانە ڕانەگەیاندووە کە لە سوپای ڕژێمی ئەسەد جیا بوونەوە. بەپێی زانیارییەکانی نێو بەیاننامەکە لە ڕێی لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر و کەسوکاری ڕفێندراوەکانەوە لیژنەی بەدواداچوون بۆی دەرکەوتووە:
"یەکەم: زۆر دڵنیایین و بەو ئەنجامە گەیشتووین لەوەی کە، ئەو ئەفسەرانە سنووری ڕۆژائاوای کوردستانیان دەرباز نەکردووە و بۆ سنووری هەرێمی کوردستان نەپەڕیونەتەوە.
دووەم: ڕفاندنیان کری پیلانگێڕی بووە و چەند لایەنێک تێیدا بەشدار بوون.
سێیەم: ئەو لایەنەی (باڵی حەکیم لە پارتی - سووریا) کە ڕۆڵی لە هەماهەنگیکردندا بینیوە و لە هەرێم ئامادەسازیی پێشوازیکرنی بۆ کردوون، لە بەرپرسارەتیی خۆی دەدزێتەوە و دەڵێت ئاگای لەو بابەتە نییە.
چوارەم: کۆی بەڵگەنامەکان و شایەتیی شایەتحاڵەکان یەکلای کردووەتەوە کە ڕفاندنی ئەفسەرەکان برەلە پەڕینەوە بووە لەو دیوارە خۆڵینەی نێوان سنووری سووریا و هەرێمی کوردستان لە بەری ڕۆژئاواوە کە لەژێر فەرمانڕانیی ئاسایشی پارتی یەکێتیی دیموکرات پەیەدەدایە.
پێنجەم: ئەفسەرەکان بۆ بەندیخانەیەکی خراپ گوێزراونەتەوە و بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیدا هێڵراونەتەوە و پاشان براونەتە ژوورێکەوە لە بەندیخانەی قەسری عەدلی پێشوو.
شەشەم: تا مانگی 12/2013 ئەفسەرەکان لە هەمان بەندیخانەدا هێڵراونەتەوە، ئەمە بە شایەتیی ئەو بەنکراوانەی کە لە زیندانی ناوبراودا لەگەڵیان بوون، دواتر ئەفسەرەکان بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراونەتەوە.
حەوتەم: بێدەنگیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی لە حەلەب و خۆدزینەوە لە دیارنەمانی ئەفسەرەکان گومان و پرسیار دەخاتە سەریان، چونکە ئەوان تاکە لایەن بوون کە پێشوەخت بە نیازی چوونی ئەفسەرەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەزانی."
لیژنەکە هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە "پاڵنەری سەرەکی لە ئاشکراکرنی ئەو زانیاریانە، گەیشتن بووە بەوەی چیدی ناتوانین بە ڕێگەی ئاشتیانە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین و، لە نێوانگیریی حیزبەکان و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی لە سووریا لەگەڵ ئەو لایەنەی کە ئەفسەرەکانیان ڕفاندووە و نکۆڵیی لێ دەکەن، هاوکات بانگەوازی و دیدارمان لەگەڵ بزووتنەوەی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بێئەنجام بووین و شکستمان برد. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بە بەڵگەمان خستووەتە بەر دەستیان کە مەبەست لەو لایەنەیش پارتیی یەکێتیی دیموکرات پەیەدەیە، بەوپێیەی کە ئەو شوێنەی ئەفسەرەکانی لێ ڕفێندراوە ناوچەیەکی سەربە قەڵەمڕۆیی ئاسایشی پەیەدەیە و تەواوی بەرپرسارەتییش بەپێێ یاسا لە ئەستۆی ئەوانە، چونکە ئەوان فەرمانرانی ئەو ناوچانەن و پێویستە لەسەریان چارەنووسیان ئاشکرا بکەن."
بەیاننامەکەی لیژنەی بەدواداچوونی چارەنووسی 8 ئەفسەرە کوردەکە هاوکات ڕایدەگەیونێت "ڕفاندن و بێشەروشوێنکردنی ئەو ئەفسەرانە بە زۆری، گوزارشتە لە تاوانێکی دژبە مرۆڤایەتی کە لە یاسای نێودەڵەتیدا باسی لێوە کراوە. ئێمە وەک لیژنەی بەدواداچوون و کەسوکاری ئەفسەرەکانیش مافی ئەوەمان هەیە لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سکاڵا دژ بەو لایەن تۆمار بکەین کە ئەفسەرەکانی ڕفاندووە، لە ئێستایشدا لە هەوڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بەڵگە و شایەتییەکانین بۆ گەیاندنی بە لییژنەی نێودەوڵەتی." بەیاننامەکە بە داواکارییەک کۆتایی دێت کە دەڵێت "لەکاتێکدا کە بەرپرسارەتی دەخەینە ئەستۆی لایەنی ڕفێنەری ئەفسەرەکان و خوانەکا شتێکیان بەسەر بێت، هاوکات داوا لە کۆی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا، دەستەی سەرۆکایەتیی سوپای ئازاد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی، لیژنەی نێودەوڵەتی مانگی سوور و هەموو خێرخوازان دەکەین بە هانامانەوە بێن و هەوڵ بدەن چارەنووسی ئەفسەرەکان ئاشکرا بکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن."




