چیرۆكی ئەنفال لە دیتی كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانەوە

هەڵەبجە-KDP.info/مانگێك دوای كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لە ساڵی 1988 و 26 ساڵ پێش ئێستا حكوومەتی بەعسی رووخاو دوای كیمیابارانكردن، شاڵاوی ئەنفالی دەست پێكرد و ژن و منداڵ و گەنج و پیری كوردی راپێچی خوارووی عێراق دەكرد و بە زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و زیندەبەچاڵكردن دەیەویست گەلی كورد لەناو ببات؛ لەو كارەساتەش چەندین چیرۆكی خەمناك و دڵتەزێن لە مێژووی سیاسیی خەباتی گەلی كورد لە هزری كوردستانیاندا تۆمار كران.
ئاراس عابد خاوەنی 13 شەهیدی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دوای دابڕان و لە ناوچوونی كەسوكارەكەی راپێچی خوارووی عێراق دەكرێت، چیرۆكی نەهامەتی ئەو كاتە وەك چیرۆكیكی تراژیدیا بۆKDP.infoباس دەكات، كە چۆن ژن و منداڵی هەڵەبجەیی ئازار دراون و زۆرێكیشیان لە سەرما و لە برسان گیانیان سپاردووە و دەرخواردی سەگە هارەكانی نزیك سەربازگەكانی ئەوكاتی رژێمی بەعسی رووخاو دراون.
كۆچەر عەزیزیش ئەو رۆژانەی بیر ناچێتەوە و باس لە حەجاج دەكات كە بە چ شێوەیەك تەعدای لە كچ و ژنی كورد لەو زیندانە دەكرد و پیاوان و كوڕی گەنجی بە دارەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەڵدەواسی.
كۆچەر عزیز هەوڵی پزیشكێكی میسری بیر ناچێتەوە كە بۆ چارەسەركردن هینرابووە ئەو سەربازگەیە كە چ سۆز و هەستێكی هەبووە بەرامبەر بەو كوردە هەڵەبجەییانە و دەشڵێت، هەتا ئیمە ماوین قەرزاری ئەو پزیشكە میسرییەین كە پار بۆ یەكەم جار سەردانی هەڵەبجەی كرد.
عەممار نەجمەدین یەكیكی ترە لە رزگاربووانی ئەنفال كە ئەو كات منداڵ بووە و بە بیری دێت كاتێ بەرەو باشووری عێراق راپێچ كراون و تا ئێستایش قیژە و گریانی دایك و خوشكەكانی لە بیر ناچێتەوە و ئەو دیمەنەیشی بە باشی بیر دێتەوە كە چۆن كەسێك بە هۆی سەختیی برینەكەیەوە بە هۆی ئەشكەنجەدانیەوە گیانی سپاردووە و فرێیان دایە دەرەوەی سەربازگەكە و چۆن سەگە هارەكان پەلاماریان دا و هەنجن هەنجنیان كرد.
رزگاربووانی كارەساتی ئەنفال و زیندانیانی نوگرە سەلمان كە خەڵكی هەلەبجەن ئەو رۆژە سەخت و رەشانەیان بیر ناچێتەوە كاتێ باسی ئەو رۆژانە دەكەن دیمەنەكان وەك وێنەیەك دێتەوە یادیان.
لە دوای ئاوارەبوونی خەڵكی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 و لە كاتی كیمیاباران، بە هەزاران لە دانیشتووانی هەڵەبجە روویان لە وڵاتی ئیران كرد و لە ئۆردەگاكان نیشتەجێ بوون. بەڵام بەهۆی پەرتەواوزەبوونی خانەوادەكان و چەند لێبوردنێكی ئەوكاتی حیزبی بەعسی رووخاوەوە زۆریك لەو خانەوادانە گەڕانەوە و لە سەر سنووریش هێزەكانی رژێم دەستگیریان كردن و راپێچی خوارووی عێراق كران.
بەڵام وەك ئەوان دەڵێن، كوردستانیكی ئارام و پسَشكەوتنی بەرچاوی هەمەلایەنە، هەندێكی زامەكامیانی ساڕێژ كردوون و بە هیوایەكی گەشەوە لە ئایندەی كوردستان دەروانن و دڵنیاشن لەوەی جاریكی تر، ئەو رۆژانە هەرگیز ناگەڕێنەوە.
بێخاڵ خالید - هەڵەبجە




