تەرمی خواڵێخۆشبوو كەمال محەممەد عەزیز زراری بە خاك سپێردرا

هەولێر-KDP.info/ ئەمڕۆ دووشەممە، تەرمی خوالێخۆشبوو كەمال محەمەد عەزیز زراری پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و شۆفێری تایبەتی بارزانیی نەمر لە ڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هێنرایەوە كوردستان.
لە مەراسیمێكی تایبەتدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كە دڵشاد بارزانی و سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی 16ـی پارتی و تەها بەرواری بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی حیزبی و حكوومی و كەسوكاری خواڵێخۆشبوو و جەماوەرێكی بەرفراوان ئامادەی بوون، پێشوازی لە تەرمی خواڵێخۆشبوو كەمال محەممەد عەزیز زراری كرا و دواتر لە گوندی گۆپاڵی ناوچەی زرارەتی بە خاك سپێردرا.
خواڵێخۆشبوو كەمال محەممەد عەزیز زراری لە ساڵی 1933 لە گوندی گۆپاڵی ناوچەی زرارەتی لە دایك بووە و لە ساڵی 1948لە تەمەنی لاوێتیی خۆیدا چووەتە سەربازی. دوای شۆڕشی تەممووزی 1958 و گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە یەكێتیی سۆڤیێت، خوالێخۆشبوو كەمال محەممەد عەزیز زراری یەكێك لەو شۆفێرانە بووە كە بارزانیی نەمر لەگەڵ خۆیدا هێناویەتە كوردستان. خواڵێخۆشبوو هەر لە دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداری شۆڕش بووە و دوای ساڵی 1967 بە یەكجاری لە بارەگای بارزانیی نەمر وەك شۆفێری تایبەتیی بارزانیی نەمر دەمێنێتەوە هەتا ساڵی 1975 و لە دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول خواڵێخۆشبوو لە خزمەتكردنی بۆ ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بەردەوام دەبێت و بەشداری شۆڕشی گوڵان دەبێت و دڵسۆزێكی نزیكی خوالێخۆشبوو كاك ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی بووە.
كەمال محەممەد عەزیز زراری وەفادارێكی سەرسەختی ڕێبازی كوردایەتی بووە و بە هیچ شێوەیەك لە ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی لای نەداوە. خواڵێخۆشبوو لە ساڵی 1989ـدا تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن هات و بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووەتە دەرەوەی وڵات و لە ڕۆژی هەینی 4ـی 4ـی 2014 لە وڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد. پرسەی خوالێخۆشبوو كەمال محەممەد عەزیز زراری لە مزگەوتی سەڵاحەددینی شارۆچكەی پیرمام بەڕێوە دەچێت.




