ئەمڕۆ، لیژنەی تایبەت بە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا کۆ دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info/گوتەبێژی هاوپەیمانیی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەگاتە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆ دەبێتەوە. گوتیشی پاش کۆبوونەوەکە دەرئەنجامی گفتوگۆکان ئاشکرا دەکرێت.
دەربارەی ئەو لیژنە تایبەتەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێوەست بە بودجە و نەوتەوە کە ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا کۆ دەبنەوە، موئەیەد تەیب گوتەبێژی هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو لێژنەیەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیدا پێک هاتووە، بۆ چارەکردنی گرفتی نەوت و بودجەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانیدا کۆ دەبنەوە."
ئەندامانی لیژنەکە پێک هاتوون لە قوسەی سوهێل جێگری جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، د.فواد مەعسوم سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، د. عەدنان جەنابی سەرۆکی لێژی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە فراکسیۆنی عێراقییە و عارف تەیفوور جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
تەیب هەروەها گوتی، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرئەنجامەی دەخرێتە ڕوو.




