د.ڤالا فەرید: بۆ قەرەبووی قوربانیانی کوردستان، بەغدا وەڵام ناداتەوە

هەولێر- /KDP.info ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ماوەی 90 ڕۆژ دباریكرابوو بەڵام هێشتا حکوومەتی عێراق ئامادە نییە قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کوردستان بکاتەوە.گوتیشی، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ئەو مافەی هەیەی لە داهاتی نەوتی کوردستان بێ ئەوەی بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، قەرەبووی قوربانیان بكاتەوە.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، د.ڤالا فەرید، دەربارەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info گوتی: "لە خولی سێیەمی پەرلەمان یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2013 دەرچووە، ئەو یاسایە باس لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدی کوردستان دەکات لە پارەی داهاتی نەوتی کوردستان، دواتر ئەو یاسایە داوا دەکات لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، لیژنەکە زەرەر و زیانەکانی خەمڵاندووە، دواتر بە واژۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بەشێوەیەکی فەرمی نووسراوێک نێردراوە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە لە یاساکەدا، کە ماوەکەش 90 ڕۆژ بۆ حکوومەتی بەغدا دیاری کراوە ئەگەر نەتوانێت لە ماوەی دیاری کراوی خۆی قەرەبووی ئەو زیانلێکەوتووانە بکاتەوە ئەوا هەرێمی کوردستان ئەو مافانەی هەیەتی لە داهاتی نەوتی کوردستان پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، دەیگێرێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوە کە ماوەکە بەسەر چووە و بەغدا نەیداوە، لە کوردستانیش تاکو ئێستایش نەوت نەفرۆشراوە تا بتوانینن ئەو مافە بدەینەوە بە کەسوکاری جینۆسایدی کوردستان".
ئەوەشی خستەڕوو لە هەردوو ئاست کار دەکەن بۆ بەجینۆسایدناساندنی قوربانیانی کوردستان، ئەوانیش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات .




