٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیەکی سنوور: خەندەق بۆ ڕێگری لە تیرۆریستان و بازرگانانی چەکه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ "لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 905 کەس کە ویستوویانە بە قاچاخ بێنە نێو خاکی عێراقەوە دەستگیر کراون. لە کاتی لێپرسینەوە لەو کەسانەدا بۆمان دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆریان بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تیرۆریستی ھاتوونەتە عێراق. لە نێوانیانیشدا بازرگانی چەک و تەقەمەنی ھەیە، دەست بە سەر بڕێکی یەکجار زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیراوە، بێگۆمان ئەمە بۆ بازرگانانی چەک کێشە نییە، چونکە ئەوان تەنیا سەیری پارەکەیان دەکەن"، ئەمە قسەی فەرماندەیەکی سنوورە دەربارەی لێدانی خەندەق لە سنووری نیوان سووریا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو خه‌نده‌قه‌ی کە بڕیارە تا نزیکی گوندی ئەلۆکا بکۆڵدرێ، تەنیا 15 کیلۆمەتری ماوە، شۆڤەڵەکان خه‌نده‌قێكی سێ مەتر قووڵ و دوو مەتر بەرین دەکۆڵن، ھێزی پێشمەرگە و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراقی لە کاتی ھەڵکەندنی خه‌نده‌ق ناوچەکە دەپارێزن.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە، محەممەد حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاری داوە لە سەرانسەری سنووری خۆی لەگەڵ سووریا کە 604 کیلۆمەترە، خه‌نده‌قێك لێ بدرێ، تا ئێستا 590 کلیۆمەتری خه‌نده‌قه‌كه‌ تەواو بووە تەنیا 15 کیلۆمەتری ماوە. ئەو خه‌نده‌قه‌ وەک دیواری چین و دیواری بەرلین نییە، کاتێک رێوشوێنی پێویستی ئەمنی گیرانە بەر ئەوا پڕکردنەوەی زۆر ئاسانە، ئەو کاناڵە وەکو ئەوە نییە کە چەند کەس و لایەنێک دەڵێن بۆ رێگریکردن لە ھاتوچۆی پەنابەرانی سووریا ئامادە کراوە، بۆ ھاتوچۆی خەڵکی مەدەنی دەروازەی سنووری خابوور کراوەیە."

حەسەن له‌ به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا گوتی: "بە ھۆی نەبوونی کۆنترۆڵ لە سەر سنوورەکان لە لایەن سووریاوە، گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان زۆر بە ئاسانی دێنە نێو سنوورەکانی عێراقەوە. لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 905 کەس کە ویستوویانە بە قاچاخ بێنە نێو خاکی عێراقەوە دەستگیر کراون. لە کاتی لێپرسینەوە لەو کەسانەدا بۆمان دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆریان بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تیرۆریستی ھاتوونەتە عێراق. لە نێوانیانیشدا بازرگانی چەک و تەقەمەنی ھەیە، دەست بە سەر بڕێکی یەکجار زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیراوە، بێگۆمان ئەمە بۆ بازرگانانی چەک کێشە نییە، چونکە ئەوان تەنیا سەیری پارەکەیان دەکەن، سنووریش تەنیا لە یەک لاوە کۆنترۆڵ ناکرێ، وەکو دەزانن لە سووریا ھێزی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی سەر سنوور نییە، ئێمە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵدا سنوورەکانی خۆمان دەپارێزین."
 

هەواڵی پەیوەندیدار