٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: ئەزموونی فیدراڵییەت شکستی برد و کۆنفیدراڵییەت باشترین چارەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لە بەرنامەی بە ڕاشکاویی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبیدا کە ئەمشەو پەخش کرا، رایگەیاند، دۆخی ئێستا لە ھەرکاتێکی تر بۆ بۆ تێپەڕاندنی سیستمی فیدراڵییەت و هەنگاونان بۆ سیستمی کۆنفیدراڵی گونجاوترە، بەڵام کورد نایەوێت کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆیی تەواو لە ڕێی توندوتیژییەوە بێنێتە دی.

سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، سەربەخۆیی مافێکی سرووشتیی کوردە وەک ھەر میللەتێک سەربەخۆیی خۆی بە دەست بهێنێت، ناتوانم بڵێم ئەمە کەی دەبێت، بەڵام سەربەخۆیی دێتە دی و بەڕێوەیە و گەڕانەوەیشی نییە.

زیاتر گوتی، ئێستا بە کردەنی عێراق دابەش بووە و حکوومەت دەستەڵاتی بەسەر زۆرێک لە ناوچەکانی دەوڵەتدا نییە، هەرێمی کوردستان کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هاوکات رۆژئاوای عێراقیش ھیچ پێوەندییەکی بە ناوەندەوە نەماوە، تەنانەت ناوەند ناتوانێ ئەوەش کە لەبەردەستییەتی بیپارێزی، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە بە لایەنی کەمەوە کۆنفیدڕاڵی پێڕۆ بکەین، چونکە فیدراڵی بەو شێوەیەی ئێستای ئەزموونێک بوو سەلمێندرا کە سەرکەوتوو نییە و هۆکارەکەیشی بەرجەستەنەکردنی دەستوورە و پابەندنەبوونە پێیەوە. بۆ پێوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، پێویستە رێگەیەکی باشتر بدۆزینەوە و، بۆ ئێستایش باشترین رێگا کۆنفیدڕاڵییە.

سەرۆک بارزانی هاوکات گوتی، حکوومەتی ناوەند، جا هەر کەسێک فەرمانڕانی بێت لە هەوڵدایە ئیرادەی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، هەر ئەوەیشە کە لای ئێمە قبووڵ ناکرێت و ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین و، ھەولێر بڕیار لە ھیچ پایتەختێک وەرنەگرێت، نە بەغدا و نە ھیچ شوێنێکی تر.

 دووپایشی کردەوە کە، سەربەخۆیی کوردستان نزیکە و گەڕانەوەیشی بۆ نییە.

سەرۆک بارزانی ئەو پشتیوانییەی کە مالیکی لە لایەن ئەمەریکا و ئێرانەوە لێی دەکرێت بە پشتیوانییەکی سەیر ناو برد و گوتی، هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەم دەست نەکەوتووە کە بۆچی و بەو شێوەیە پشیوانی لێ دەکەن.

دەربارەی سنووری سەربەخۆییشەوە بارزانی ڕایگەیاند، سنووری ئەو سەربەخۆییە سنووری باشووری کوردستان دەبێت، چونکە هەر یەک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان خاوەن بڕیاری خۆیانن. هەڵبەت پارچەکانی دیکەیش قوربانیی زۆریان داوە، بەڵام ئەوان هێشتایش لە ڕووی بەدەستهێنانی مافەکانیان بە ئامانج نەگەیشتوون، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشوەچوونانەی کە لە باکووری کوردستاندا هاتوونەتە دی.

دەربارەی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر ڕوونی کردەوە، ئێستا کوردی رۆژئاوا لە ھەرپارچەیەکی دی زیاتر لە قەیراندایە و هاوشێوەی سووریاییەکان ئازار دەچێژێت. ئەم دۆخەیشی زۆرتر پێوەندی بە ناتەبایی و پارچەبوونی لایەنە سیاسییە کوردییەکانەوە هەیە.

زیاتر گوتی، لە سەرەتادا هەوڵمان دا کە یەکڕیز بن پێمان ڕاگەیاندن کە نە یەکڕیزیتان هەر بڕیارێک بدەن، پاڵدانە حکوومەتی بەشار ئەسەد بێت یان چوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و لە هەر بڕیارێکی پێکەوەیی پشتیوانتان دەبین، تا ماوەیەکێش یەکڕیزییان پاراست، بەڵام دواتر هەندێکیان بێ هیچ زەمانەتێک پشتیان بە ڕژێمی ئەسەد بەست و لە شەڕیکەوە گلان کە هیی کورد نەبووە و نییە.

پێوەست بە دواکەتنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەبەست لێی بەشداربوونی هەموو لایەنەکانە لە کابینەی داهاتوو و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە. گوتیشی بەم نزیکانە حکوومەت پێک دێت.

بارزانی زیاتر گوتی، پۆستی سیادی دراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و رەتیشی کردەوە لەسەر حیسابی یەکێتی ئەو پۆستانەیان پێ درابێ. 

هەواڵی پەیوەندیدار