٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیمانگای توێژینەوەی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، لە ئەگەری دابەشنەكردنی بوودجە بە شێوەیەكی گونجاو هۆشداریی پارچەبوونی عێراق دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ پەیمانگای توێژینەوەی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە "واشنتۆن" ڕاپۆرتێكی دەربارەی پێشكەوتنەكانی چەند ساڵی ڕابردووی هەرێمی كوردستان و گرینگیی نەوت لە خزمەتكردن بە ئەزموونی هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، نەوت بڕیار لە سەر ئەوە دەدات چارەنووسی دەوڵەتی عێراق چۆن دەبێت. ئەگەر كۆتایی بە جیاوازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هات، بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت و گاز بە گوێرەی یاسا ڕێك خرا، شێوازی دابەشكردنی بوودجە بە شێوەیەكی گونجاو و ڕێكوپێك بڕیاری لەسەر درا ئەو كاتە عێراق بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر كوردستان بڕیار لە سەر سەربەخۆیی بدات ئەوا عێراقیش دابەش دەبێت.
 

هەولێر پێشكەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە

لە سەرەتای ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، دە ساڵ پێش ئێستا هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان شارێكی ناخۆش و بێ خزمەتگوزاریی بوو، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی گەورە لەم شارە بە دەست هاتووە و ئێستاش خەریكە هەولێر دەبێتە شارێكی سەرنجڕاكێش و سەنتەرێكی گەورەی بازرگانی.
دە ساڵ پێش ئێستا تەنیا چەند ڕووەكێك لە هەولێردا دەبینران، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەیان پارك لەو شارەدا دروست كراون. پێشكەوتن لە تەواوی بوارەكانی دیكەوەش لە شاری هەولێردا بە ڕوونی دەبینرێت. 
مێژووی دروستكردنی قەڵای هەولێر بۆ شەشهەزار ساڵ پێش لەدایكبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە و ئێستاش بە یارمەتیی ڕێكخراوی "یونیسكۆ" دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەو قەڵایە كراوە.
دە ساڵ پێش ئێستا بازاڕی هەولێر ڕێكنەخراو و بێسەروبەر بوو، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كاری زۆر باشی تێدا ئەنجام دراوە. لە شوێنە جیاوازەكانی شاری هەولێردا سوپەرماركێت و ڕیستورانت و ئۆفیس و ئوتێل و باڵاخانە بەردەوام دەكرێنەوە. 

دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، خەریكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تەواوی یەك دەخرێتەوە، زیاتر لە 10 زانكۆی حكوومی و تایبەت لە ماوەی ده‌ ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان دامەزراون، سیستەمی بواری تەندروستی باشتر بووە. 
پەیمانگای توێژینەوەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەنووسێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی سوود لە بەشە بوودجەی هەرێم وەربگرێت بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی ئەم هەموو پێشكەوتنەی باس كرا و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی، دەوڵەتێك كە لە بواری دەستوورییەوە بەشێك بێت لە عێراق، بەڵام لە زۆربەی بوارەكانەوە دەسەڵاتێكی زۆری هەبێت. 
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بەشە بوودجەی خۆی لە حكوومەتی ناوەندی وەربگرێت، بەڵام نیگەرانیی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەو خاڵەدایە كە بەغدا كۆنترۆڵی ناردنی پارە و بوودجە بۆ هەولێر دەكات و ئێستاش سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) تاكڕەوانه‌ حكوومەتی عێراق بەڕێوە دەبات.
ئەم نیگەرانییەش لە شوێنی خۆیدایەتی، چونكە ماوەی چەند مانگێكە بەغدا بڕیاری داوە تەنانەت مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستانیش نەنێرێت.
بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر سیاسەتی نەوتی خۆی بەردەوامە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەولێر زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی هەرێمەكەی گەیاندووەتە بەندەری جیهان لە توركیا. 
خاڵی سەرەكی و گرینگ لێرەدا ئەوەیە كە ئەم نەوتە لە ڕێی بۆرییەكەوە نێردراوە كە لەژێر دەسەڵات و ڕکێفی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە، نەوەك حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا. 

نەوت خزمەتی گەورە بە هەرێمی كوردستان دەكات

پەیمانگای توێژینەوەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەنووسێت، ڕاستە هەندێك لە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە بواری نەوتەوە زۆر دەوڵەمەندن بەڵام جیۆپۆلەتیك و جیۆئیكۆنۆمی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان وایان كردووە سامانی سروشتی هەرێم گرنگ و بایەخی تایبەتی هەبێت.
هەربۆیەش دەبینین دیپلۆماتكاری گەورەی ئەمەریكایی (برێت مگلورك) هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.
پاشانیش، هەر هۆكاری جیۆپۆلەتیك و جیۆئیكۆنۆمییە وای كردووە هەرێمی كوردستان و توركیا بەم شێوەیەی ئێستا لە یەكتری نزیك ببنەوە و پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا دروست بێت. ئێستا دەیان كۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كاری وەبەرهێنان دەكەن و پەیوەندییەكی بەهێزی بواری بازرگانیش لە نێوان هەولێر و ئانکارادایە هەیە. 
لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، نەوت بڕیار لە سەر ئەوە دەدات چارەنووسی دەوڵەتی عێراق چۆن دەبێت. ئەگەر كۆتایی بە جیاوازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هات، بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت و گاز بە گوێرەی یاسا ڕێك خرا، شێوازی دابەشكردنی بوودجە بە شێوەیەكی گونجاو و ڕێكوپێك بڕیاری لەسەر درا ئەو كاتە عێراق بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر كوردستان بڕیار لە سەر سەربەخۆیی بدات ئەوا عێراقیش دابەش دەبێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش (مەسعوود بارزانی) هەمیشە لە میانەی كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ دیپلۆماتكاران ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردووە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڕیار لە سەر ئەوە بدات كە چارەنووسی ئەم هەرێمە چیی لێ دێت. 

لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە

هەواڵی پەیوەندیدار