لقی 4: دڕاندنی پۆستەری كاندیدەكانمان بە وێنە و ڤیدیۆ لایە و ڕادەستی كۆمسیۆنیان دەكەین
__2014_04_12_h16m49s12__BA.jpg)
سلێمانی- KDP.info/ لە شاری سلێمانی بە شێوەیەكی بەربڵاو و ئاشكرا وێنە و پۆستەری كاندیدەكانی لیستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن هەندێك كەس و لایەنی نادیارەوە دەدڕێندرێن و لێ دەكرێنەوە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی لقی 4ـیش دەڵێت، چەندین وێنە و ڤیدیۆیان لەو كارانە تۆمار كردووە و وێنەیەكی بە سكاڵاوە ئاراستەی كۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی لقی 4، ئەحمەد عەبدوڵا، تایبەت بۆ KDP.infoگوتی، "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای بانگەشەكانی هەڵبژاردندا بە رەچاوكردنی رێنماییەكانی كۆمسیون و لیژنەی ئەمنیی شاری سلێمانی هەڵمەتی بانگەشەی لیستەكانی خۆمانمان دەست پێ كردووە، بەڵام بە داخەوە و بە شێوەیەكی تایبەتی پۆستەر و ئارمی حیزب و كاندیدەكانی ئێمە لێ دەكرێنەوە یا خود پۆستەری لایەنەكانی دیكە بە سەریاندا دادەكوترێت.
هاوكات ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئێمە هەڵوێستێكە لە چوارچێوەی یاسادا و چەندین وێنە و ڤیدیۆمان لەو كارانە تۆمار كردووە و وێنەیەكی بە سكاڵاوە ئاراستەی كۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین."
سلێمانی / ئارمان مەلازادە




