تاوەکو ئێستا 33گەنجی ھەرێمی کوردستان لە سووریا کوژراون

ھەولێر- تایبەت بە/KDP.info وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی ئەو گەنجانەی لە ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی جیھادکردن چوونەتە سووریا و کوژراون، ژمارەیان گەیشتووەتە 33گەنج.بەرێوبەری راگەیاندنەکەیشی دەڵێت ئەوان قوربانین و تاوانباری سەرەکیی ئەوانەن کە ھانیان دەدەن بۆ ئەم رێگایە.
بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەریوان نەقشبەندی، راگەیاند: بە کوژرانی گەنجێکی تری شاری ھەولێر لە شەڕی سووریا، ژمارەی گەنجە کوژراوەکانی ھەرێمی کوردستان لەو وڵاتە گەیشتە 33 کەس.
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: بەداخەوە گەنجانی وڵاتەکەمان بەم شێوەیە دەبنە قوربانیی ململانێ تایفی و سیاسییەکان کە ھیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوەی کوردەوە نییە.
نەقشبەندی باوەڕیی خۆی پێوەست بەو پرسە دووپات کردەوە کە بەشی ھەرەزۆری ئەو گەنجانە قوربانین و تاوانباری سەرەکیی ئەوانەن کە ھانیان دەدەن بۆ ئەم رێگایە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تاوەکو ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی250گەنج بە مەبەستی جیھادکردن چوونەتە سووریا.
بڵند ئیبراهیم




