وەزارەتی ناوخۆ سەرپێچیكارانی بانگەشەی هەڵبژاردن سزا دەدات

هەولێر- KDP.info/ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنماییگەلێكی پێوەست بە هەردوو هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا دەر كردووە و، داوایش دەكات لایەنەكان و بانگەشەكار و هاووڵاتیان پێیانەوە پابەند بن، ئەگینا بەرەوڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
لە نووسراوێكی فەرمیدا كە دانەیەكی دەست ماڵپەری فەرمیی پارتی كەوتووە، وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە نادات بڵاوكردنەوەی ڕیكلام و پروپاگندەی كاندیدەكانی هەڵبژاردن لە لایەن قەوارە سیاسییەكانەوە ناوزڕاندنی لایەنی بەرانبەری تێدا بێت. هاوكات بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكوومی قەدەخە كردووە و ڕێگایش نادرێت دیاردەی چەكدار هەبێت ئەگەر چەكەكە مۆڵەتپێدراویش بێت.
داپۆشینی تابلۆ و جامی ئۆتۆمبێل و نیشانەكانی هاتوچۆیش بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە و بەكاربردنی لافیتە و پۆستەر هەڵواسینیان بە باڵاخانە و فەرمانگە حكوومییەكانەوە ڕێ پێنەدراوە و نایشبێت شوێنە ئایینییەكان بۆ هەمان مەبەست بە كار ببرێن.
نووسراوە فەرمییەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاوكات بڕیاری داوە بانگەشەی هەڵبژاردن تا 10ـی درێژەی هەبێت و بە پێچەوانەوە سەرپێچیكار سزا دەدرێت.
لە كۆتایی نووسروەكەی وەزارەتی ناوخۆدا كە ڕێنماییەكانی لەخۆ گرتووە، پاراستنی بارەگا و نووسینگەی حیزب و قەوارە سیاسییەكان بە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس دەسپێرێ و هەر پێشلكارییەك لە لایەن هەر كەسێكەوە بێت لە ڕێگای پۆلیسەوە دەدرێتە دادگا.




