٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی رێگری لە كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی لایەنگرانی پارتی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی- KDP.info/لەگەل دەستپێكردنی بانگەشەكانی هەڵمەتی هەڵبژرادندا وێرای بانگەشەی تایبەتی لە لایەن كاندیدەكانی لیستەكانەوە، جەماوەر و لایەنگرانی هەر حیزبێك شەوانە بۆ پشتگیریكردنی حیزبەكەیان بە بەرزكردنەوەی ئاڵا و وێنەی كاندیدی حیزبەكانیان بە ناو شەقام و بەردەم بارەگای حیزبەكەیاندا هاتوچۆ دەكەن. ئەمشەوە بۆ روماڵكردنی و ئامادەكردنی راپۆرتێك وەك پەیامنێری KDP.info لە شاری سلێمانی سەردانی بەردەم لقی 4ـی پارتی دیموكراتی كوردستانم كرد، بەلام رووبەڕووی حاڵەتێكی سەیر بوومەوە؛ كاتێك دەتەوێت بچیتە بەردەم لقی 4 چ لە جادە سەرەكییەكان و لاوەكییەكانیشەوە كە دەچنەوە بەردەم لقی 4 لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆ و 104ـەوە گیراون و رێگە بە هەواداران و لایەنگرانی پارتی نادەن بچنە بەردەم لق و كاتێكیش هۆكاری ئەو ڕێگرییەم لێ پرسین گوتیان: "كاكە ئەمرمان پێ كراوە، منیش گوتم لە كوێوە ئەمرتان پێ كراوە؟ گوتیان لە سەرووی خۆمانەوە. منیش گوتم سەرووی خۆتان كێیە؟ گوتیان لیژنەی ئەمنی."

ئەم دیاردەی ڕێگریكردنە بووەتە جێی ناڕەزایی هەم هەوادار و لایەنگرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هەمیش هاووڵاتیان و خاتوونێك بە ناوی (شۆخان محەممەد جەزا بابە گورون) هەرچەند پێی خۆش نەبوو وێنەی بگرین، گوتی: "من وەك كچێكی كانیسكانی و بنەماڵەیەكی شاری سلێمانی قسە دەكەم؛ ئیمەش وەك هەموو لایەنگرانی دیكەی حیزبەكان ئازادین لە پشتیگیریكردنی حیزبەكەمان، بەڵام زۆر بە داخەوە هەموو رێگەكانی دەوروپشتی لقی چواریان گرتووە. ئەمە تەعداكردنە لە لایەنگرانی پارتی لە شاری سلێمانی دەكرێت."

هەڤالێكی دیكە بەم جۆرە باسی لەم كارەی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی كرد: "بە ڕای من ئەمە كارێكی نادروستە و ناحەقییە بەرامبەر لایەنگران و هەوادارانی پارتی لە شاری سلێمانی دەكرێت؛ خەلك دەیەوێت پشتگیری لە حیزبەكەی بكات، هەر بۆیە ئەم كارە جێی پرسیارە و مەبەستێكی سیاسی لە پشتەوەیە."

كامەران غەریب، كاندیدی ژمارە 26 لە سەر لیستی 76 ـی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەم جۆرە باسی لەم حاڵەتە كرد:

"دیارە كە هەڤاڵان و لایەنگرانی پارتیمان بۆ پشتیوانیكردن و دڵگەرمیی ئێمە وەك كاندیدانی ئەو حیزبە، شەوانە بە شێوەیەكی شارستانی و دوور لە هەر كارێكی ناشارستانی بە كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانیان بە بەردەم لقی چواری پارتیدا دەسوورێنەوە لەبەر ئەوەی كە لقی چوار لە سەر جادەی سالمە و جادەیەكی سەرەكییە. بەڵام بەداخەوە بە بریاری لیژنەی ئەمنیی ئەم شارە ئاستەنگ بۆ هەڤاڵانمان دروست دەكرێت و رێگەكانی هاتوچۆی چواردەوری لقی چوار بە پۆلیسی 104 و هاتوچۆ گیراون كە بە بۆچوونی من ئەم بریارە بریارێكی سیاسییە نەك ئەمنی."

هوشیار سدیق ئەفەندیی كارگێری لقی 4 و بەشدار لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، روونكردنەوەی دا و گوتی: "وەك دەزانن شوێنی لقی 4 شوێنێكی ستراتیژییە و هاتوچۆی تیادا دەكرێت و جەماوەری ئێمەش كە بە بەردەم بارگای لقدا هاتوچۆ دەكەن، كۆبوونەوەكەیان خۆرسكە و هەر كاتێك بە شێوەیەكی فەرمییش وەك لقی چوار بەرنامەمان هەبێت ئەوا رەزامەندی لە لیژنەی ئەمنی وەردەگرین، بەڵام ئەو خەڵكە خۆرسكە و خۆی دێتە سەرجادە بە هۆی زۆریی جەماوەری پارتی و حەماسی ئەم جەماوەرەوە بۆ پاڵپشتی لە حیزبەكیان دێنە سەر شەقام، هەر ئەمەش وای كردووە هەندێك كەس لە لیژنەی ئەمنیی شاری سلێمانی جادەكان بە رووی هەوادارانمان دابخەن، بۆ ئەوەی ئاپۆرای جەماوەری پارتی لە شارەكە دەرنەكەوێت و حەماسی خەڵك لاواز بكەن و بیكوژن، كە ئەمەش شتێكی باش نییە؛ چونكە هەست دەكەین ئەو شوێنانەی كە بارەگای حیزبەكانی دیكەی تیادایە زۆر بە ئاسایی هاتوچۆی تیادا دەكرێت و ریگەشیان لێ ناگیرێت. شەوی ڕابردوو چەند جارێك رێگەكانی چواردەوری لق گیراوە و من خۆم سەردانی ئەو شوێنانەم كردووە و لەگەل برادەرانی قائیمقامیەت قسەم كردووە و رێگەكەیان كردەوە، بەڵام پاش 5 خولەك دووبارە رێگەكانیان دادەخستەوە."

 

 

هاووڵاتیان و لایەنگرانی پارتی پێیان وایە، گەر داخستنی رێگەكانی چواردەوری لقی چوار لە لایەن لیژنەی ئەمنیی شارەكەوە لە پێناو پاراستنی باری ئەمنی و دروستنەبوونی گرژی و ئاڵۆزییە ئەوا بۆچی ئەم بریارە بۆ بارەگاكانی حیزبەكانی دیكە جێبەجێ ناكرێت لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا سەرجەم گرژی و ئاڵۆزی و تەنانەت دیاردەی تەقەكردنیش لە بەردەم بنكە و بارەگاكانی ئەو حیزبانەدا روویان داوە.

 

سلێمانی / ئارمان مەلازادە

 

هەواڵی پەیوەندیدار