ھاشم سیتەیی: بە بڕیاری حکوومەتی عێراق خەندەق لەسەر سنووری نێوان سووریا وعێراق لێ دەدرێت

ھەولێر - تایبەت بەKDP.info/فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لەسەر سنووری سووریا دەڵێت، بە بڕیاری حکوومەتی ناوەندی لەسەرتاسەری سنووری نێوان عێراق و سووریادا خەندەق لێ دەدرێت، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە ھاتنەناوەوەی تیرۆریستان و دیاردەی قاچاخچیەتی.
فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لەسەر سنووری سوریا،ھاشم سیتەیی، بە kdp.infoـی راگەیاند: بە بڕیاری حکوومەتی عێراق لە سنووری نێوان عێراق و سوریا خەندەق لێ دەدرێت و لە رومادی دەست پێدەکات تا دەگاتە ناوچەی ئێمە، بە نزیکەی شەش تا حەوت (کم) لێ دەدرێت و لە ئێستاشدا لێدانی ئەو خەندەقە بەردەوامە.
ھاشم سیتەیی گوتیشی: مەبەست لەو خەندەقە بۆ ئەوەیە رێگری لە تیرۆریستان و دیاردەی قاچاخچیەتی بگیرێت، چونکە بەم دواییانە دیاردەی ھێنانی ئۆتۆمبێل وھاتنی عەرەبەکان بە مەبەستی قاچاخچیەتی زۆر بووە.
فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لەسەر سنووری سووریا راشیگەیاند: پۆلیسی عێراق پاسەوانی سنووری نێوان عێراق و سووریایە و ئەو خەندەقەی کە لێ دەدرێت سوودی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی رێگری لە ھاتنی تیرۆریستان و قاچاخچییەکان بکات.
بڵند ئیبراھیم




