٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەیەكی ئەمنیی شاری كەركووك داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، هەوادارانیان لە دیاردەی تەقەكردن دوور بخەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info/ لیژنەیەكی ئەمنیی شاری كەركووك سەردانی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری كەركووكیان كرد و داوایان لێ كردن، هەوادارانیان لە كاری نەشیاو و دیاردەی تەقەكردن دوور بخەنەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی شاری كەركووك، فەرهاد حەمەعەلی، ئەمڕۆ چوارشەمە بە KDP.infoـی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی ئەمنیی شاری كەركووك سەردانی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری كەركووكی كرد و مەبەست لێی بۆ ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیری لە شاری كەركووك و داڕشتنی پلانێك بوو بۆ رێگرتن لەو تەقەكردنەی كە شەوانە لەلایەن ئەندامان و لایەگرانی حیزبەكانەوە دەكرێت.

فەرهاد حەمەعەلی گوتیشی، هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی خۆیان نیشان دا بۆ ڕێگرتن لە تەقەكردنی شەوانە و بڕیاریان دا ئەندامان و لایەگرانیان ئاگار بكەنەوە تا خۆیان لە كاری نەشیاو و تەقەكردن دوور بگرن.

شیاوی گوتنە هەر ئەمڕۆ، بەرپرسی لقی 3ـی پارتی لە کەرکووک محەممەد کەمال، بۆ KDP.info گوتی: "بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری کەرکووک لە هەندێک شوێن و هەندێک جار لە دۆخی ئاسایی لایداوە ئەمەیش لە کاتێکدایە كە دۆخی کەرکووک لە ڕووی ئەمنییەوە لەبار نییە، بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان هێور بکەینەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم، خۆیان هێمن بکەنەوە لە کاتێکدا ئەندامانی ئێمە لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی جوانیان پێشکەش کردووە، کە بە داخەوە هەندێک لە لایەنەکانی دیکە ئەو پابەندبوونەیان نەبووە و شەوانە بە تەقەکردن و هێرشکردن بۆ سەر خەڵک، بارودۆخەکەیان ناجێگیر کردووە".

هۆشیار سەید وەلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار