٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 21 بۆ سلێمانی و دەروبەری: یەك جار دەنگمان پێ بدەن و ئیدارەی شارەكەمان پێ بسپێرن، دڵنیام دوادەنگتان نابێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی- KDP.info/بەرپرسی لقی 21ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت، پارتی لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەوەی كە حیزبی دەستەڵاتدار و بەرێوەبەری ئیداری ئەم پارێزگایە نەبوە، بۆیە نەیتوانیوە بەرنامەكانیان لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بكەن؛ هاوكات داوا لە سەرجەم دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوربەری دەكات كەوا دەنگ بە پارتی بدەن و بۆ یەك جاریش بێت ئیدارەكردنی و بەرێوەبەردنی ئەم شارە بە پارتی پسپێرن، "دڵنیام دوادەگیان نابێت كاتێك بەراوردی ئیستا و ئەو كاتەی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەكەن."

 

ئەمرۆ لقی 21ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ لیستەكانی 76 و 213 لە سنووری لیژنەی ناوچەی تاسڵوجە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بەرفراوانی بۆ ناساندنی كاندیدەكان و پشتگیریكردن لە لیستەكانی پارتی ساز كرد.

 لە سەرەتای كۆبوونەوەكەشدا بەرپرسی لقی 21ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازیل رەووف، وتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە گرینگیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان دا و تیشكی خستە سەر بەرنامەی هەردوو لیستەكی پارتی و رایگەیاند، "ئیمە لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەوەی كە حیزبی دەستەڵاتدار و بەرێوەبەری ئیداری ئەم پارێزگایە نین، ئەوا بە گوێرەی پێویستیش نەمانتوانیوە كە بەرنامەكانمان لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بكەین، بەڵام لە هەمان كاتیشدا خاوەنی ئەزموونی بەرێوەبەردنین لە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر كە بە دانپێدانانی دۆست و دوژمن پێشوەچوون لە سەرجەم بوارەكاندا لەم دوو پارێزگایە جێی هەڵویستەیە لە چاو شاری سلێمانی."

 زیاتر گوتی "داواكارم لە سەرجەم دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوربەری كەوا دەنگ بە پارتی بدەن و بۆ یەك جاریش بێت ئیدارەكردنی و بەرێوەبەردنی ئەم شارە بە پارتی پسپێرن، كە دڵنیام دوادەگیان نابێت كاتێك بەراوردی ئیستا و ئەو كاتەی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەكەن."

 لە بەشێكی دیكە وتەكانیدا بەرپرسی لقی 21 رۆشنایی خستە سەر كارنامەی پارتی بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری وڵات و سەربەخۆكردنی ئابووری و ئیدارەكردنێكی سەربەخۆ دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی و، رایگەیاند "لە ئیستادا پارتی دیموكراتی كوردستان هەر وەك چۆن خەباتی رابردووی بۆ دروستكردنی ئەمرۆ بوو، ئەوا خەباتی ئەمرۆیشی بە دڵنیاییەوە ئایندەی پێ بونیاد و دروست دەبێت؛ ئایندەیەك كە ئاوات و ئامانجی سەرجەم گەلی كورد و شۆرشەكانی بووە."

 لە كۆتایی وتەكانیدا فازیل رەووف داوای لە هەڤاڵان و لایەنگران و دۆستانی پارتی كرد لە سنووری لیژنەی ناوچەی تاسڵوجە كە دەنگ بە لیست و كاندیدەكانی پارتی بدەن.

 لە درێژەی مەراسیمەكەدا كاندیدەكانی هەردوو لیستی 76 و 213 خۆیان زیاتر بە ئامادەبووان ناساند و بە هەڵپەڕكێ و دەربڕینی شادی و پشتیوانی بۆ لیستەكانی پارتی كۆتایی بە كۆبوونەوە جەماوەرییە فراوانەكە هات.

ئارمان ملازادە

هەواڵی پەیوەندیدار