٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 5:بەلایەنی کەم کورسییەک دەبەینەوە.. ئەو فەیلیانەی لە دەرەوەی هاوپەیمانەتییەكەوەن، نوێنەرایەتیی کوردی فەیلی ناکەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، بە شێوەیەکی زۆر باش خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە کردووە و پێشبینیش دەکات بە لایەنی کەمەوە کورسییەک لەو پارێزگایە بە دەست بێنن.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، محەمەدئەمین دەلۆیی، بەkdp.infoـی راگەیاند: ئەمڕۆ بە فەرمی لیستەکەی خۆمان راگەیاند کە لیستەکە بە ناوی ھاوپەیمانیی کوردییە لە بەغدا و لە سێ پارتی سیاسیی پێکھاتووە، ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان.

دەلۆیی گوتیشی: لە سەرەتا ھەوڵمان دا لەگەڵ ھەندێک لایەن و کەسایەتیی کوردی فەیلی بە لیستێک داببەزین، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن لەبارەی ناوی لیستەکەوە، چونکە ئێمە داوامان کرد ھەر ناوێک بێت تەنھا ناوی کوردی تێدا بیَت، دواجار رازی نەبوون، بۆیە ئەمە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەمانە نوێنەرایەتیی کوردی فەیلی ناکەن.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا راشیگەیاند: ئێمە بە بەردەوامی خزمەتی کوردی فەیلیمان کردووە و داکۆکیکار بووینە لە مافی کوردە فەیلییەکان و تاوەکو ئێستا بە ھەوڵی سەرکردایەتیی کورد توانیومانە زۆرێک لە مافەکانی کوردی فەیلی بە دەست بێنین، سەرەڕای ئەمەش لە ئاستی پێویست نەبووە بۆ کوردانی فەیلی، چونکە لەسەر دەستی رژێمی بەعس زۆر زوڵمیان لێ کراوە و چەندەی قەرەبوو بکرێنەوە ھەر کەمە.

محەممەدئەمین دەلۆیی گوتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی کوردانی فەیلی و بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی مافەکانیان بەدەست بێنین.

دەلۆیی روونیشی کردەوە، بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ کوردانی بەغدا ئەنجام دەدرێت و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین، بۆئەوەی بتوانین بۆیان جێبەجێ بکەین.

هاوكات پێشبینیی كرد، بە لایەنی کەمەوە کورسییەک لەو پارێزگایە بە دەست بێنن.

ھاوپەیمانیی کوردی لە بەغدا لە 19 کاندید پێک دێت و، لەناویاندا کورد وعەرەب و تورکمانیشی تێدایە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار