٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 3ـی پارتی: ڕێژەی دەنگەكانمان لە کەرکووک زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر / KDP.info بەرپرسی لقی 3ـی پارتی لە کەرکووک داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکات بە هێمنی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەكان بكەن و ڕاشیدەگەیەنێت، دەنگەكانی پارتی لە کەرکووک زیادی كردووە.

بەرپرسی لقی 3ـی پارتی لە کەرکووک محەممەد کەمال، بۆ KDP.info گوتی: "بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری کەرکووک لە هەندێک شوێن و هەندێک جار لە دۆخی ئاسایی لایداوە ئەمەیش لە کاتێکدایە كە دۆخی کەرکووک لە ڕووی ئەمنییەوە لەبار نییە، بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان هێور بکەینەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم، خۆیان هێمن بکەنەوە لە کاتێکدا ئەندامانی ئێمە لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی جوانیان پێشکەش کردووە، کە بە داخەوە هەندێک لە لایەنەکانی دیکە ئەو پابەندبوونەیان نەبووە و شەوانە بە تەقەکردن و هێرشکردن بۆ سەر خەڵک، بارودۆخەکەیان ناجێگیر کردووە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کەرکووک تایبەتمەندی جیاوازە لەگەڵ ململانێیەکی ناوخۆیی لە هەمان کاتدا ململانێیەکی نێودەوڵەتیشی لەسەرە، بۆیە دەبێت کورد دەستپێشخەر بێت لە بازدان بەسەر ئەو هەنگاوەدا".

دەربارەی ئەگەری زیادبوونی دەنگی پارتی لە کەرکووک، محەممەد کەمال گوتی: "چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەگەری زیادبوونەکە یەکەم: ئارامی و ئاسایشی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان و پارتی، دووەم: برا و کوڕ و برازای کاک مەسعوود ئەوە دوو ساڵە بە دیار کەرکووکەوە ئێشک دەگرن و، لەسەر کانی دوومەڵان لە بەردەم گەرما و سەرما خۆیان بە زەویدا داوە؛ خەڵکی کەرکووک ئەوەی لەبەر چاوە؛ سێیەم: پارتی هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵی لە کەرکووک دەدات".

ئەوەشی خستەڕوو "خەڵکی کەرکووک شتەکان بە چاوی خۆیان دەبینن بە تایبەتی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر و ناردنەدەرەوەی نەوت و سیاسەتی حەکیمانە بەرانبەر بە پرسەکان، وای کردووە کەرکووکییەکان بزانن کێ خزمەتی کوردستان دەکات، لەگەڵ ئەوەی مستەفا بارزانیی نەمر کەرکووکی کردووەتەوە دڵی کوردستان و لەپێناوی ئەم هۆکارانە خەڵک دەنگ دەدەن بە 24 کاندیدی بەهێزی پارتی و لیستی 213 کە سەرجەمیان خەڵکی شاری کەرکووکن و لەو شارە نیشتەجێن ."

بەکرو کارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار