٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی بۆ سكرتێر و سەركردایەتیی تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا: هەر بڕیارێك بدەن پاڵپشتیتان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/سەرۆك بارزانی لە دیاریدا لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی تازەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا، ئامادەیی تەواوی خۆی و هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ڕایگەیاند "بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی سیاسیی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لەناو خۆیاندا هەر بڕیارێك بدەن پاڵپشتیتان دەكەین." هاوكات ڕایگەیاند كە هەرچییەك بكەن ناتوانن قەرزی گەلی كورد لە سووریا بدەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی 4ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، پێشوازی لە سكرتێری تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا، سعوود مەلا و ئەندامانی سەركردایەتیی ئەم پارتە كرد و لەگەڵیاندا كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا سكرتێری تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكی لە ئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكێتیی سیاسی و دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ئەرك و ڕاسپاردەكانی ئەم كۆنگرەیەی خستەڕوو و سەرۆك بارزانی لە سەركەوتنی كۆنگرەكە ئاگادار كردەوە.

 هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی سەركردایەتیی سووریا بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایییان ئاراستەی خۆیان و گەلی كورد و سەرۆك بارزانی كرد و بەڵێنیان بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كورد دووپات كردەوە كە لە خزمەتی ڕێبازی كوردایەتی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلەكەیاندا بن.

 سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد كە پاڵپشتیی خوشك و برایانی كورد لە سووریا بووە و پاڵپشتیی سەرۆك بارزانییان بە هۆكارێكی بەهێز زانی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی كورد و شاندی میوان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی كۆنگرە و ئەنجامەكانی كۆنگرەكەیان و هیوای خواست كە لە ئەرك و كارەكانیاندا سەركەوتوو بن.

سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ڕایگەیاند كە "بیروباوەڕی بێگەردی كوردایەتی ئێمەی لە دەوری یەكتر كۆ كردووەتەوە" و وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی گەلی كورد لە سووریا ئەوەی خستەڕوو كە "ئێمە هەرچییەك بكەین ناتوانین قەرزی گەلی كورد لە سووریا بدەینەوە، چونكە لە ڕۆژانی تەنگانەدا یارمەتیی شوڕش و خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانیان داوە و ئەو دڵسۆزیی و خەمخۆرییەیان جێگەی شانازییە."

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا داوای لە سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا كرد ئەم سەركەوتنە و ئەنجامەكانی كۆنگرە بپارێزن و برایانە و كوردپەروەرانە لەگەڵ یەكتردا بن و ئەركی سەرەكییان ئەوە بێت كە نەهێڵن ئەو فرسەتەی لە كوردستانی سووریا بۆ گەلی كورد هاتووەتە ئاراوە بەفیڕۆ بچێت.

 سەرۆك بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی و هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ڕایگەیاند "بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی سیاسیی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لەناو خۆیاندا هەر بڕیارێك بدەن پاڵپشتیتان دەكەین."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی قسەكانیدا ئاییندەی گەلی كوردستانی بە گەش و پڕئومێد وەسف كرد و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستانە و پێویستە هەموومان سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین كە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە ئاراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار