٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڵا ئاگرین: لە سلێمانی، ڕێژەی دەنگی سەرۆک بارزانی 30% و هیی پارتییش 10% زیادی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- /KDP.infoبەرپرسی مەکتەبی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو، ڕێژەی دەنگی پارتی لە کەرکووک و سلێمانی هەڵدەکشێت و ڕێژەی پشتیوانی بۆ کەسایەتیی سەرۆک بارزانی لە شاری سلێمانی لە 30% و ڕێژەی پارتییش لە 10% بەراورد بە ڕابردوو زیادی کردووە.

بەرپرسی مەکتەبی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستان د. عەبدولڵا ئاگرین لە لێدوانێکد بۆ KDP.infoلەبارەی دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی گوتی: "جیا لە هەولێر و دهۆک، پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی و کەرکووک بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگەكانی بەرز دەبێتەوە، چونکە سیستەمی هەڵبژاردن وایە کە پارتی لیستێکی سەربەخۆی هەیە ئەمەش وا دەکات هانی دەنگدەری پارتی بدات بۆ دەنگدان بەو لیستە، لە کاتێکدا ئێمە لە شاری مووسڵ نوێنەرەکانمان بۆ زیاتر لە جاران هەڵدەکشێت، لە شاری بەغدایش پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرێک دەباتەوە کە تائێستا کورد هیچ نوێنەرێکی لەو شارەدا نییە".

گوتیشی: "دەنگدان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ نموونە دەنگدەر هەبووە لە حزبی دیکە لە ئاستی بەرز بووە دەنگی بە پارتی داوە، بە پێچەوانەشەوە دەنگدەری ئاسایی پارتی هەبووە لەبەر ئەوەی دڵی ڕەنجاوە، دەنگی بە لایەنێکی دیکە داوە؛ بۆیە بەپێی هەڵکشان و داکشانی سیاسەت، بارودۆخی دەنگدەریش دەگۆڕێت، لەم ڕوانگەیەوە من دەڵێم دەنگی پارتی بەراود بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زیادی کردووە، بەتایبەتی لە شاری هەڵەبجە کە بە بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی کرایە پارێزگا و پارتییش بارەگای لقی 12ـی ئامادە کرد بۆ پارێزگاری تازەی هەڵەبجە".

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە بەوەی لەناو خەڵکدا بووە، ڕێژەی پشتیوانی بۆ کەسایەتیی سەرۆک بارزانی لە شاری سلێمانی لە 30% و ڕێژەی پارتییش لە 10% بەراورد بە ڕابردوو زیادی کردووە، کە سەرجەم ئەو ئامارە بە شێوەی واقیعی خراوەتە ڕوو و گوتیشی: "دوو گوتاری بۆ لیستی پارتی کراوەتە ئامانج، یەکەم دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردستان، دەنگدانە بە پارتی، دووەم: دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئارامی و ئاسایش و بەرقەراری، کە بە لای منەوە دوو گوتاری بەهێزن، پارتی لە ڕوانگەی بەرپرسیاریَتییەوە هەڵی بژاردوون".

 

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار