وەزیری نەوتی عێراق: چاوەڕوان دەكرێ بەغدا و هەولێر لە دوو رۆژی داهاتوودا بگەنە رێككەوتنێكی یەكجارەكی

ئیستانبووڵ - KDP.info/وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، ڕایگەیاند، توركیا لەگەڵ عێراقی دراوسێ و دۆست و برایدا جا چ لە باكووری عێراق بێ یا لە باشووری عێراق، پرۆژەی هاوبەش جێبەجێ دەكا. لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایشەوە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی عێراق، گوتی، كە كۆمیتەیەك لە پەرلەمان دامەزراوە و هەوڵ بۆ لێكنزیكردنەوەی بەغدا و هەولێر دەدا و دانوستانی شاندی هەردوولا بەردەوامە، چاوەڕوان دەكرێ لە دوو سەعاتی داهاتوودا بگەنە رێككەوتنێك ئەگەر لەم چەند سەعاتەدا نەگەنە رێككەوتن ئەوا لە دوو رۆژی داهاتوودا دەگەنە رێككەوتنێكی یەكجارەكی.
ئەمڕۆ لە ئیستانبووڵ 13ـمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز دەستی پێكرد و لەو كۆنگرەیەدا هەر یەك لە وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا و وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی عێراق گوتارێكیان پێشكەش كرد.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز لەو كۆنگرەیەدا گوتی: نەوت و غاز تا ساڵی 2050 بۆ دابینكردنی سەرچاوەكانی وزەی جیهان بە رێژەی سەدا 75 بەرز دەبنەوە و لە سەرانسەری جیهان رێژەی نەوت و غاز بۆ دابینكردنی سەرچاوەكانی وزە كەمتر لە سەدا 50 نەبووە و چاوەڕوان ناكرێ ئەو رێژەیە لە سەدا 50 كەمتر ببێت.
یڵدز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی پەیوەندی نێوان عێراق و توركیای كرد و گوتی: ئەو پرۆژە هاوبەشانەی نێوان عێراق وتوركیا كە لە بواری نەوت و غازدا پێشكەش دەكرێن زۆر گرنگن و نەتەنیا بۆ عێراق و توركیا، بەڵكو بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپایش سوودێكی زۆریان دەبێ.
یڵدز جەختی لەوە كردەوە كە توركیا لە جیاتی ئەوەی دەست بە پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ڤەنەزویلا و كۆلۆمبیا بكا كە زیاتر لە 8 هەزار كلیۆمەتر لە یەكتر دوورن، لەگەڵ وڵاتی دراوسێی خۆی كە 200 كلیۆمەترە لە یەكتر دوورن، پرۆژەی هاوبەش جێبەجێ دەكا. توركیا لەگەڵ عێراقی دراوسێ، دۆست و برایدا جا چ لە باكووری عێراق بێ یا لە باشووری عێراق، پرۆژەی هاوبەش جێبەجێ دەكا و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ بۆ دانانی مكانیزم و سیستەمێكی گونجاو دەدەین، كاتێك ئەو سیستەمە لە نێوان بەغدا و هەوڵیردا جێبەجێ كرا ئەوا ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین.
لە لایەكی دیكەوە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی عێراق، عەبدولكەریم لوعێبی گوتی: حكوومەتی عێراق فیدراڵ لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ پەرە پێدانی پرۆژەی جیاجیا لە بواری غازی سروشتی و نەوتەوە و لە بەرنامەماندایە رێژەی وەبەرهێنانی نەوتی خام و غازی سروشتی زیاتر بكەین و بۆ ئەو مەبەستە كاری دۆزینەوەی كێڵگەی نوێ نەوت و غازی سروشتی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقدا بەردەوامە.
لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش لوعێبی ئاماژەی بەوە كرد كە كۆمیتەیەك لە پەرلەمان دامەزراوە و هەوڵ بۆ لێكنزیكردنەوەی بەغدا و هەولێر دەدا و دانوستانی شاندی هەردوولا بەردەوامە، چاوەڕوان دەكرێ لە دوو سەعاتی داهاتوودا بگەنە رێككەوتنێك ئەگەر لەم چەند سەعاتەدا نەگەنە رێككەوتن ئەوا لە دوو رۆژی داهاتوودا دەگەنە رێككەوتنێكی یەكجارەكی.
لوعێبی گوتیشی: ئاستی نەوتی عێراق لە كێلگەكانیدا حاڵی حازر زیاتر لە 143 ملیار بەرمیلە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێ ئەو رێژەیە بۆ 200 ملیار بەرمیل بەرز بكرێتەوە.
لوعێبی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: پرۆژەكانی حكوومەتی فیدراڵ لە بواری نەوت و نرخی وزە خزمەتی ئارامی و بوژاندنەوەی وەڵات دەكەن و دەمانەوێ ئەمساڵ زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بكەین و بەو جۆرە رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بگەینینە نزیكەی 300 ملیۆن بەرمیل.
ئەردەلان گۆران




