٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەڤەری سیدەكان فێستیڤاڵی كوولتوری و وەرزشیی ساز دا

سەرچاوە: KDP.info

سۆران- KDP.info/ بۆ یەكەم جار فێستیڤاڵی كوولتوری و وەرزشی لە دەڤەری سیدەكان ساز درا و تێیدا چەندان چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە چوون.

بە ئامادەبوونی تەواوی كاندیدەكانی دەڤەری سۆران بۆ هەردوو لیستی 213ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لیستی 76ی ئەنجوومەنی پاریزگاكان و دكتۆر عەلی بەرپرسی لقی10 و كارگێر و ئەندامانی لق و ئەندام پەرلەمان و شاندی وەزارەتی پەروەردە و دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و قایمقام و بەرپرسانی حزبی لە دەڤەرەكە، رۆژی 8ـی نیسان لە ناوچەی دەشتە هێرتی دەڤەری شارۆچكەی سیدەكان بۆیەكەم جار فێستیڤاڵی كوولتوری و وەرزشی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران بەڕێوە چوو.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر روستی، kdp.infoـی راگەیاند: "لە فێستیڤاڵەكەدا دەیان چالاكیی جۆراوجۆری وەك چالاكیی وەرزشی و دیدەوانی بەرێوە چوون، هەر لە فێستیڤاڵەكەدا سێ پێشانگای جۆراوجۆری فۆتۆ كرانەوە، 10 پیشانگای كەلەپووری و دەیان جۆری خواردنی كوردەواریی ناوچەكە ئامادە كرابوون، پاشان یاریی سوارچاكی بەرێوە چوو، سەبارەت بە پاراستنی گیاندارانیش چەندین باڵندە و گیانلەبەر بۆ ناو سرووشت ئازاد كران، هەر لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا شانۆگەری و چەندان جۆری دیوەخانی كوردەواریی ناوچەكە و نمایشی دروێنە و كاری كشتوكاڵی بۆ ئامادەبووان پیشان دران، هاوكات مەراسیمی بووكگواستنەوەی راستەقینە تێیدا بەڕێوە چوو."

ڕوستی گوتیشی: "چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاری چێشتخانە و ئامادەكردنی دانەوێڵە و پێداویستیی زستانە و نمایشی دەیان جۆری جلوبەرگ و چەك و ئامێری شەڕ و چەندان جۆری شایی و هەڵپەڕكێی میللی نمایش كران."

نادر روستی زیاتر گوتی: "ئەو فێستیڤاڵە چالاكییەكی زۆر سەركەوتوو بوو، بەتایبەت كە یەكەم جارە ئەم جۆرە چالاكییە لەو ناوچانەدا بە ئامادەبوونی خەڵكی گوندەكان و بە بەشداریی ئەوان ساز دەكرێت، كە جێگای دەستخۆشییە بۆ گوندنشینەكان."

ئیسماعیل گوندەژۆری

هەواڵی پەیوەندیدار