٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمەڵی ئیسلامی: كۆبوونەوەی ئەمجارە باشتر بوو. پارتی پێشنیازێکی نوێی پێشکەش کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی شاندی دانوستانکاری کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، ئەگەرچی شاندی پارتی پێشنیازێکی نوێ لەبارەی داواکارییەکانیان پێشکەشی ئەوان کردووە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمجارەی نێوان ھەردوو لایەن بە باشتر و ئەرێنیتر لە کۆبوونەوەی رابردوو ناو دەبات.

سەرۆکی شاندی دانوستانکاری کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید، بەkdp.infoـی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ھەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیدا باس لە وردەکاریی داواکارییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کرا و شاندی پارتی پێشنیازێکی نوێی خستە روو بۆ داواکارییەکانمان و ئێمەش ئەو پێشنیازە لەسەرکردایەتیی خۆمان تاوتوو دەکەین و وەڵامی کۆتاییمان بە پارتی دەدەینەوە."

دەربارەی پێشنیازەكەی پارتییش عەبدولستار مەجید گوتیشی: "جارێ ناتوانم پێشنیازەکە ئاشکرا بکەم، تا سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەیەوە کۆ دەبێتەوە و، دواتر ئاشکرای دەکەین."

 سەرۆکی شاندی دانوستانکاری کۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمجارەی نێوان ھەردوو لایەن ئیجابیتر بوو لە کۆبوونەوەی رابردوو، بەڵام وەڵامی تەواوی داواکارییەکانمان نەدرایەوە."

مەجید روونی کردەوە، "ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی داوای دوو وەزارەتمان کردووە، چونکە بە ئیستحقاقی ھەڵبژاردنی خۆمانی دەزانین."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار