ئەردۆغان: قۆناغی چارەسەری برەو پێ دەدەین

ئانكارا- KDP.info/سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا گوتی، خەڵكی توركیا هەوڵدانەكانی گەزی، 17 و 25 ـی كانوونی یەكەمی بۆ ئەنجامدانی كودەتا بینی، بەڵام بە هۆشیارییەوە وەڵامی گەزی، 17 و 25ی كانوونی یەكەمی دایەوە و ئامانج و مەبەستی راستەقینەی ئەوانەی لە پشت ئەو هەوڵدانانەوە بوون ئاشكرا كرد. خەڵك جارێكی دیكە دەنگی متمانەی بە ئێمە دایەوە و پشتگیری لە سیاسەت و پرۆژەكانی ئێمە كرد.
گوتیشی، "شتی گرنگ و دڵخۆشكەر ئەوەیە كە گەلی توركیا ئەمری بە ئێمە داوە كە شەڕی دەوڵەتی شاراوە بكەین، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە كە دەبێ ئەندامانی دەوڵەتی شاراوە لە بەرامبەر دەسەڵاتی دادوەری و خەڵكدا وەڵامی ڕەفتارەكانی خۆیان بدەنەوە.
ئەردۆغان لە بەردەوامیی قسەكانیدا باسی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیایشی كرد و گوتی: یەكێك لە پەیامە گرنگەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان پاراستن و بەردەوامكردنی قۆناغی چارەسەرییە، ئەو بارودۆخە ئارام و هێمنەی كە ساڵێكە باڵی بەسەر توركیادا كێشاوە بە هەموو كەموكورتییەكانی خۆیەوە رەنگدانەوەیەكی باشی لە سەر سەندووقی دەنگدان هەبووە.
ئەردۆغان زیاتر گوتی: خەڵك پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری كردووە و ئەمری بە هەر كەس كردووە كە بۆ پاراستن و بەردەوامكردنی ئارامی و هێمنی ئەوەی لە دەستی دێ ئەنجامی بدا. ئێمەیش هەم وەك حكوومەت و هەم وەك ئاكپارتی درێژە بەو بەهارە دەدەین و دەیپارێزین؛ پشت بە خوا برایەتیی نێوانمان بەهێزتر و تۆكمەتر دەكەین و بە گۆڕانكاریی نوێ هەموو كێشە و گرفتەكانی توركیا یەك بە یەك چارەسەر دەكەین.
ئەردەلان گۆران




