دیندار زێباری: پەیامی ئاشتی و نێوانگیرانەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان لە عێراق جێی بایەخە

هەولێر- KDP.info/جێگریبەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، د. دیندار زێباری، ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان بە گرنگ دەزانێت لە ئاسانكاریكردن بۆ بەردەوامیی دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ هاوكات بە بایەخەوە لە دیتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و وتارەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تێیدا بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە ناردنەدەرەوەی 100000 بەرمیل نەوت ڕۆژانە، بە هەنگاوێكی بە گرینگ ناو برد، دەڕوانێت.
لەمیانەی وتارێكیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، نیكۆلای میلادینۆڤ، كە لە بەرواری 27/3/2014 پێشكەشی كرد، باسی لەوە كرد كە دەستووری عێراق ڕێگای چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بە كارگێڕیی نەوت و هاوبەشیی لە داهاتە لە عێراق. هاوكات، پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بووەتە ئاستەنگێكی گەورە دوای ئەوەی كە دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێم لەسەر پرسی نەوت و داهاتەكانی نەگەیشتە ئەنجام. تەواوی ئەو دۆخەش لەوەوە سەرچاوەی گرت كاتێك لە مانگی شوباتدا ناردنی بودجە بۆ هەرێم لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە وەستێنرا.
هەروەها ناوبراو ستایشی ڕۆڵی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بۆ هەوڵەكانی لە پێناو بەردەوامبوونی دانوستانەكانی نێوان لایەنەكان بە ئامانجی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2014 بەڕەزامەندیی تەواوی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی. لەلایەكی دیكەوە، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بە ناردنەدەرەوەی 100000 بەرمیل نەوت ڕۆژانە، لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق بۆ توركیا بەبێ مەرج و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف دەكات. هاوكات، میلادینۆڤ داوا لە سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات كار بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوویان ئەنجام دا لە ئەیلوولی ساڵی 2013.
پێوەست بەم پرسە، جێگریبەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، د. دیندار زێباری،ئەم هەڵوێستەی نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتی بە بایەخ وەسف دەكات. هاوكات، ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانێت لە پێشخستنی بواری حوكمڕانی و مافی مرۆڤدا، هەروەها ئاسانكاریكردن بۆ بەردەوامیی دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هاوكات، زێباری ڕایگەیاند، پەیامی ئاشتی و نێوانگیرانەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان لە عێراق بە خواستێكی گەورەی هەموو عێراقییەكان دەزانێت و هیوای خواست ئەو هەوڵانەیان بەردەوامی هەبێت لە پێناو بەرقەراركردنی ئاشتی و بەرەوپێشچوونی قۆناغەكانی بە دیموكراسیبوون لە عێراق.




