نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی پ.د.ك: نێچیرڤان بارزانی نەیگوتووە پارتی دوو ڕۆژ مۆڵه‌تی داوه‌ته یه‌كێتی

هەولێر-KDP.info/ نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی پ.د.ك، ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵەی دەستگاکانی ڕاگەیاندن لە دەمی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانییەوە گوازتوویەتییەوە، گوایە پارتی دوو ڕۆژ مۆڵه‌تی داوه‌ته یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه بداته‌وه كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان شاندی هه‌ردوولادا باس كراون، به هیچ شێوه‌یه‌ك لێدوانێكی وای نه‌داوه و ته‌نیا گوتوویه‌تی: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین یه‌كێتی له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ـ دوو ڕۆژه‌دا وه‌ڵاممان بداته‌وه.
دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی پ.د.ك:
دوێنێ دووشه‌ممه 7ی نیسانی 2014 تۆڕی میدیاییی ڕووداو بڵاوی كردووه‌ته‌وه و زۆر له ده‌زگاكانی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندنیش گواستوویانه‌ته‌وه گوایه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی شاندی پارتی بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتوویه‌تی: پارتی دوو ڕۆژ مۆڵه‌تی داوه‌ته یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه بداته‌وه كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان شاندی هه‌ردوولادا باس كراون.
لێره‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نین كه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی به هیچ شێوه‌یه‌ك لێدوانێكی وای نه‌داوه و ته‌نیا گوتوویه‌تی: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین یه‌كێتی له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ـ دوو ڕۆژه‌دا وه‌ڵاممان بداته‌وه.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی پ.د.ك




