ناوەرۆكی كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان

ھەولێر- KDP.info/ لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، گۆڕان داوای جێگری وەزارەتی ناوخۆ و سێ وەزارەتی كردووە، بەڵام پارتی رەتی كردووەتەوە و پێشنیازی سێ وەزارەتی دیكەی خستووەتە بەردەم شاندی ئەو بزووتنەوەیە.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، شاندی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا داوای وەزارەتی ناوخۆ یان سامانە سرووشتییەكانی كردووە، بەڵام شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو داوایەی رەت كردووەتەوە. هەروەها دوای رەتكردنەوەی ئەو داوایەی گۆڕان لە لایەن پارتییەوە، شاندی گۆڕان رازی بووە بە وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەرجێك، جێگری وەزیری ناوخۆیان پێ بدرێت و دەسەڵاتی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگەش سنووردار بكرێت. دواتر شاندی پارتی لەسەر ئەو مەرجانەی گۆڕان كە داوای كردوون پێشنیازی كردووە ئەو پرسە هەڵبگیرێت بۆ دوای كۆبوونەوەكان و دوای پێكهێنانی حكوومەت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كە لەلایەن عومەری سەید عەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرا، داوای كردووە وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، شارەوانی و پەروەردەیان پێ بدرێت، بەڵام شاندی پارتی ئەو داوایەی گۆڕانیشی رەت كردووەتەوە و پێیان گوتوون كە ناتوانن ئەو وەزارەتانە بدەن بە گۆڕان. لە بەرامبەریشدا شاندی دانوستاندكاری پارتی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، پێشنیازی وەزارەتەكانی تەندروستی، رۆشنبیری و گواستنەوە و گەیاندنی خستووەتە بەردەم شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕان.
هاوكات بەپێی زانیارییەكان، بڕیار وایە هەردوولا لە داهاتوویەكی نزیكدا وەڵامی پێشنیازەكانی یەكتر بدەنەوە و وەفدی دانوستاندكاری بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە، وەڵامی پێشنیازەكانی پارتی بداتەوە.
وەفدی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتبوون لە (عومەری سەید عەلی، مستەفای سەید قادر، جەلال جەوهەر، د. محەممەد حاجی و د. ئاكۆ حەمەكەریم) وەفدی پارتییش پێكهاتبون لە (نێچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، دڵشاد شەهاب، د.رۆژ نوری شاوەیس و تەها بەرواری).
هەر ئەمڕۆ شاندی دانوستانكاری پارتی، دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ گۆڕان، لەگەڵ وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كۆ بووەوە بۆ چۆنییەتی دابەشكردنی پۆستەكان.




