نێچیرڤان بارزانی: پێكهێنانی حكوومەت دواناخەین. پارتی دوو رۆژ مۆڵەتی داوەتە یەكێتی

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێت، "ناتوانم بڵێم لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لیَکنزیکبوونەوە لەنێوانماندا ھەبووە"، بەڵام دەڵێت، بڕیار دراوە لە چەند رۆژی داھاتوودا جارێکی دیکە کۆ ببنەوە و دوابڕیار لەبارەی کابینەی نوێوە بدرێت. دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیش، نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، "پێكهێنانی حكوومەت دواناخەین و بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازەكانیش پارتی دوو رۆژ مۆڵەتی داوەتە یەكێتی."
ئەمڕۆ دووشەممە 7-4-2014، دوای كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەی هەردوو شاندنی دانوستاننكاری پارتی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە سەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح بەڕێوە چوو.
دەربارەی كۆبوونەوەكە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ننیشتیمانیی کوردستان، عەدنان موفتی، بە kdp.infoراگەیاند: مەبەست لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ھەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەت بوو، ئەمەش دوای ئەوەی کە ماوەیەک بوو بە ھۆی جیاوازیی بیروڕاكانەوە کۆبوونەوەکان راگیرابوون، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەخت کرایەوە کە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی کابینەی نوێ.
عەدنان موفتی گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا ھەندێک پێشنیازی نوێ ھەبوون و خرانە بەر باس، بەڵام هیچی دەربارەی پێشنیازەکانەوە ئاشکرا نەكرد.
عەدنان موفتی راشیگەیاند: ناتوانم بڵێم لیَکنزیکبوونەوە لەنێوانماندا ھەبووە و، لەسەر پرەنسیپەکانی پێشوترمان بووین.
زیاتر گوتی: پێکھێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوان گرنگە، بەڵام کاری پێکھێنانی کابینەی نوێ قورستر دەکات، چونکە بەشداریکردنی ھەموو لایەنەکان ئاسان نییە، چ لە دابەشکردنی پۆستەکان، یاخود رازیکردنی لایەنەکان بێت.
سەبارەت بە پۆستە ئەمنییەکان موفتی گوتی: ئێمە داوامان کردووە یەکێک لە پۆستە ئەمنییەکان بە ئێمە بدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیش، نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، "پێكهێنانی حكوومەت دواناخەین و بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازەكانیش پارتی دوو رۆژ مۆڵەتی داوەتە یەكێتی."
بڵند ئیبراھیم




