سەرۆک بارزانی: ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلەکەمان دەکات

هەولێر-KDP.info/ سەرۆک بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ قوتابیانی خولی نۆزدەی ئەکادیمیای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی، ڕایگەیاند، "ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلەکەمان دەکات و دەبێ بە ورەیەکی بەرز و ئومێد و بڕوابەخۆبوونەوە خۆتان بۆ داهاتوو ئامادە بکەن." ڕاشیگەیاند، "پێویستە سوود لە وانەکانی ڕابردوو وەربگرین و تێبگەین کە هەرکاتێک کورد یەکڕیز و یەکهەڵوێست بووبێت سەرکەوتنی مسۆگەر بووە و بۆ ئێستا و ئایندەیش یەکڕیزیی ماڵی کورد ئامانجی سەرەکیی پارتییە."
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی 4ی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە قوتابیانی خولی نۆزدەی ئەکادیمیای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. لە سەرەتای دیدارەکەدا بەڕێز قادر قەچاخ بەرپرسی ئەکادیمیای پێگەیاندنی کادیران سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و پوختەیەکی لەبارەی چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی وانە زانستییەکانی خولی نۆزدەی ئەکادیمیا پێشکەش کرد.
دواتر سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی قوتابییانی ئەکادیمیای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێکدا کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی قۆناخەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد خستەڕوو و ئاماژەی بە خۆڕاگریی و ڕۆڵی بەرچاوی پارتی کرد لە سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا و ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە سوود لە وانەکانی ڕابردوو وەربگرین و تێبگەین کە هەرکاتێک کورد یەکڕیز و یەکهەڵوێست بووبێت سەرکەوتنی مسۆگەر بووە و بۆ ئێستا و ئایندەیش یەکڕیزیی ماڵی کورد ئامانجی سەرەکیی پارتییە.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی ڕەوشی ئێستای کوردستانی کرد و بە قوتابیانی ڕاگەیاند: گەلەکەمان قوربانیی زۆری داوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆژە و جارێکی دیکە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە. ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلەکەمان دەکات و دەبێ بە ورەیەکی بەرز و ئومێد و بڕوابەخۆبوونەوە خۆتان بۆ داهاتوو ئامادە بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەداسەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و سەرنجیقوتابیانی خولی نۆزدەی ئەکادیمیای پێگەیاندنی دایەوە.




