٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پارتی وەڵامی سایتی یەکگرتووی ئیسلامی دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێڕ-KDP.info/ سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵێکی سایتی یەکگرتووی ئیسلامی کە گوایە "پارتی ژێربەژێر لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا ڕێک کەوتووە تا دۆسیەی نەتەوەیی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەکار بهێنن"، بەدرۆ دەخاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "ئەو درۆیە هێندە بوختانێکی سووکە کە تەنیا دەکرێ وەک کەرەستەیەک بۆ سواڵی دەنگ بەکار هێندرابێت."

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکەی پارتی هاوکات دەڵێت، خەڵکی کوردستان زۆر باش هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر مەسەلە نەتەوەییەکان دەزانن و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لەوەدا موزایەدە بەسەر پارتیدا بکات.

دەقی لێدوانە رۆژنامەوانییەکە:

وەڵامێک بۆ سایتی کوردیو و کاندیدێکی یەکگرتوو

سایتی کوردیوی یەکگرتووی ئیسلامی ڕۆژی 6/4/2014 لێدوانێکی نابەجێی کاندیدێکی یەکگرتووی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووەتە مانشێتی هەواڵێک کە گوایە پارتی ژێربەژێر لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا ڕێک کەوتووە تا "دۆسیەی نەتەوەیی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەکار بهێنن."

ئەو درۆیە هێندە بوختانێکی سووکە کە تەنیا دەکرێ وەک کەرەستەیەک بۆ سواڵی دەنگ بەکار هێندرابێت. ئەگینا خەڵکی کوردستان زۆر باش هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر مەسەلە نەتەوەییەکان دەزانن و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لەوەدا موزایەدە بەسەر پارتیدا بکات. چۆن دەبێ سایتی ڕەسمی و کاندیدی حزبێکی ئیسلامی لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگدا پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان ببەن؟کەسێک کە نەزانێ نەتەوایەتی و نەتەوەییبوون چییە نابێ ڕێگە بەخۆی بدات لەمبارەیەوە بدوێت. سایتی کوردیو و کاندیدەکەی یەکگرتوو ئەوەیان لەبیر چووە کە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هوشیارترن بڕوا بە بوختانی ئاوا ساویلکانە بکەن.

ئەوە یەکلابۆتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم پێشمەرگە و پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستانە و لەو پێناوەیشدا هیچ شتێکی شاراوەی نییە و ئەوەی پەیوەستیش بووبێت بە دۆسیەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پارتی بێ لایەنەکانی تر هەنگاو نانێت.

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان

 

7/4/2014

هەواڵی پەیوەندیدار