عەلی حوسێن: كاك پشتیوان و كاك نەوزاد لەسەر ڕێبازێكن خزمەتیان پێ لە بەرپرسیارەتی گرنگترە

هەولێر / KDP.infoبەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند یەکێک لە پرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێزگرتنە لە بڕیاری سەرکردایەتیی خۆی و "كاك پشتیوان و كاك نەوزاد لەسەر ڕێبازێكن كە هیی بارزانییە و بەرپرسیارەتی بۆ ئێمە گرنگ نییە خزمەت لەلای ئێمە گرنگە؛ دەشڵێت: "پارتی پێویستی بە کادیر و ئەندامی خۆیەتی تا ئایندەی وڵاتیان پێ بسپێرێت".
عەلی حوسێن بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەواڵی هەندێک میدیا لەسەر کشانەوەی پشتیوان سادق لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ KDP.infoگوتی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو لیستمان هەیە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 213 و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە 76و لە کاتێکدا بە دوو شێوە یەکەم: کۆمەڵێک کادیر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و ئۆرگانەکانی پارتییەوە دەستنیشان کراون بۆ ئەو لیستانە، دووەم: ئەوانەشی لە ئاستی سەرکردایەتی دەستنیشان کراون بە توێژینەوە بووە، ئەوەیشی پەیوەندی بە کاک پشتیوان و کاک نەوزاد هادییەوە هەیە هەردوو کادیر خەڵکی هەولێرن و کادیری بە توانان بەشێوەیەک لە شێوەکان خزمەتیان کردووە، کاک پشتیوان حیزب پێویستی پێیە بۆ شوێنی دیکە بۆ ئەوەی ئەرکی دیکە ئەنجام بدات، بە دڵنیاییەوە کاک پشتیوان و کاک نەوزاد کەسانی دڵسۆز و لێهاتوون".
عەلی حوسێن دەشڵێت: "فەلسەفەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەیە هەموومان پابەندی بڕیاری پارتی و سەرکردایەتیی پارتی بین و شانازیشیی پێوە دەکەین، چونکە ئێمە پەروەردەی ئەو ڕێبازەین و ئەو ڕێبازە هیی بارزانییە و بەرپرسیارەتی بۆ ئێمە گرنگ نییە خزمەت لەلای ئێمە گرنگە".
ئەوەشی خستەڕوو "دەبێت میدیا بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات، چونکە لە میدیاکانەوە تەفسیری جۆراوجۆر دەکرێت بۆ بابەتی هەردوو بەڕێزان کە دوورە لە ڕاستییەوە و هەردووکیان بە ڕۆحیەتی برایانە کار دەکەن بۆ هەردوو لیستی 213 و 76ی پارتیمان و ئامانجی پارتیشمان سەرخستنی میللەتی کوردە."
بەکر و کارزان هەورامی




