٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا: پێویستە یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند كە پەیامی كوردستان بە ئەورووپا دەگەیێنێت، ئەویش پەیامی خەڵكێكە كە بە سەركەوتوویی وڵاتێكیان بنیات ناوە. هانس سۆبودا ئەمەی لە میانەی دیداریدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند. هاوکات بە پێویستی زانی یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندیی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی 4ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پەرلەمانی ئەورووپا، هانس سۆبودا كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان نیشان دا و ڕایگەیاند كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی مەزنە كە لە ڕێی ئاشتی و بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی هاتووەتە كایەوە.

سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا ئەوەشی خستەڕوو كە پەیامی كوردستان بە ئەورووپا دەگەیێنێت ئەویش پەیامی خەڵكێكە كە بە سەركەوتوویی وڵاتێكیان بنیات ناوە هەر چەندە سیادەشیان نییە، بەڵام مۆدێلێكە لە سەركەوتنی گەلێك. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتن و سوپاسی سەرۆكی گرووپیسۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپای كرد و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەورووپا دەكات. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی عێراق و نەهامەتییەكانی گەلی كورد لە عێراقی شیی كردەوە و سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوەدا كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و عەرەب پێكهاتووە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتەكانی عێراقی ئەم بنەمایەیان پێشێل كرد و هەوڵیان دا خۆیان ببنە باڵادەست و گوتی: "ئێستا كێشەكە نەوت و گاز و بودجە نییە. كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە كورد دەیەوێ لەگەڵ عێراقدا شەریك بێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێ خۆیان حوكمڕان بن و كورد پاشكۆیان بێت". سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە گەلی كوردستان ئامادە نییە ببێتە پاشكۆی هیچ كەس و لایەنێك.

پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و پێشڤەچوونی دۆزی كورد لەم وڵاتە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و سەرۆكی گرووپی سۆسیالدیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و داوای كرد كە سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە پڕۆسەی ئاشتیی توركیادا هەیەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار