ئەمشەو شەقامەکانى سلێمانى پڕ بوون لە لایەنگر و هەوادارانى پارتى

سلێمانى- / KDP.info بە مەبەستى پشتگیرکردن لە هەردوو لیستى 213 بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و 76 بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەعات 7ـى ئەمشەوەوە جەماوەر و لایەنگرانى پارتی ئاهەنگێکى جەماوەریى بەرفراوانیان ساز دا.
لە ئاهەنگەکەدا هەڵۆ ئەحمەد کوردە بەرپرسى لقى 4 و سەرجەم کاندیدەکانى پارتى ئامادە بوون و بە چەندین شێواز هاووڵاتیان پشتگیرى و پاڵپشتیى خۆیان بۆ لیستەکانى پارتى دەبڕى و هاوکات کاندیدەکانى حیزب لە ناو ئاپۆراى جەماوەردا بەرنامەى لیستەکانیان وەبیر ئامادەبووان دەخستەوە.
ئەم شەو یەکەم بانگەشەى جەماوەریى لایەنگرانى پارتی بوو لە شەقامەکانى شارى سلێمانى و لەبەردەم شەقامى مەولەوى بۆ بەردەم لقى چوار دەستى پێکرد و بەپێى زانیاریى پەیامنێرمان هەزاران ئەندام و لایەنگرى پارتى لە شەقامەکان پێشوازییان لە کاندیدەکانى پارتى کرد و شیرینییان بەخشییەوە بەسەر شۆفێرانى سەر شەقامەکان.
سەرکردایەتیى پارتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە پەیامێکدا بۆ KDP.info خۆشحاڵیى خۆیان دەربڕى بۆ ئەو پشتیوانییە فراوانەى خەڵک لە لیستى پارتى و داوایان کرد بەردەوام بن لە بانگەشەیەکى ئارام و شارستانیانە؛ هاوکات باوەڕیان وا بوو کە هەر ئەم جۆرە پشتیوانییە لە پایتەختی ڕۆشنبیری چاوەڕوان دەکرێت.
کارزان هەورامى – ئارمان مەلازادە




