ئەنجوومەنى نیشتمانیی سووریا داوا لە هاوپەیمانانی دەكا هێرشى سەر حەلەب بوەستێنن

عەبدولباست سەیدا سەرۆكى ئەنجوومەنى نیشتمانیی سووریا رای گەیاند، هاوپەیمانە بیانییەكانی ئەنجوومەنى نیشتمانى بەرپرسیار دەبن لەو خوێنڕشتنەی لە حەلەب روو دەدا ئەگەر پەلە نەكەن لە راگرتنی.
سەیدا لەمیانى سەردانەكەى بۆ ئیمارات لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا گوتى، پێویستە هاوپەیمانانی ئەنجوومەنی نیشتمانی لە دەرەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشی ناودەوڵەتیدا هەوڵ بدەن بۆ راگرتنى هێرشەی سەر حەلەب، چونكە مافى ڤیتۆ بووەتە رێگر لەبەردەم دەستپێشخەرییەكانی ناو ئەنجوومەنى ئاسایش، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوى كردەوە.
پتر گوتى، لەگەڵ شێخ عەبدوڵا بن زاید وەزیرى دەرەوەى ئیمارات كۆ بوومەتەوە و گفتوگۆمان لەبارەى رەوشى سووریا دواى رووخانى ئەسەد كرد بۆ پێكهێنانى حكوومەتێكى كاتی و دواتر ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى دیموكراتى.
روونیشى كردەوە، ئەنجوومەنى نیشتمانیی سووریا بۆ ئەم مەبەستە دوو لێژنەى پێك هێناوە كە یەكەمیان هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپاى ئازادیی سووریا دەكا و دووەمیشیان لەگەڵ لایەنەكانى تری ئۆپۆزسیۆن.




